حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای سڕکردنی ئەنجامی گشتپرسی دەکات

0

نوچەنێت

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا مەترسی بەریەککەوتنی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان دەخاتەڕوو و پێشنیاز دەکات ئەنجامی ریفراندۆمی “کوردستانی عێراق” سڕ بکرێت. هەروەها داوا دەکات لەسەر بنەمای دەستوور گفتوگۆ لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ دەستپێبکات.

لە راگەیەندراوێکدا، کە بەرەبەیانی چوارشەممە 25-10-2017 بڵاوکرایەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت “په‌لامار و به‌ریه‌ككه‌وتنى هێزه‌كانى عێراق و پێشمه‌رگه‌ له‌ 16/10/2017ـه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ، زیانى به‌ هه‌ردوولا گه‌یاندووه‌، له‌وانه‌شه‌ ببێته‌ هۆى خوێنڕشتنێكی به‌رده‌وام و له‌ ئاكامیشدا تێكدانى ڕایه‌ڵه ‌و په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى نێوان پێكهاته‌كانى عێراق”.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها داوای راگرتنی دەستبەجێ هەموو جۆرە کردارێکی سەربازیی دەکات و داوا دەکات لەسەر بنەمای دەستوور گفتوگۆ لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ دەستپێبکات.

دەقی راگەیەندراوەکە:

ئه‌و بارودۆخه‌ گرژ و مه‌ترسیداره‌ى ڕووبه‌ڕووى عێراق و كوردستان بۆته‌وه‌، هه‌مووان ناچار ده‌كات له‌ ئاستى به‌رپرسیاریه‌تی مێژووییدا بین و ڕێگا نه‌ده‌ین بارودۆخه‌كه‌ زیاتر به‌ره‌و شه‌ڕ و پێكدادان بچێت له‌نێوان هێزه‌ عێراقییه‌كان و پێشمه‌رگه‌دا.

په‌لامار و به‌ریه‌ككه‌وتنى هێزه‌كانى عێراق و پێشمه‌رگه‌ له‌ 16/10/2017ـه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ، زیانى به‌ هه‌ردوولا گه‌یاندووه‌، له‌وانه‌شه‌ ببێته‌ هۆى خوێنڕشتنێكی به‌رده‌وام و له‌ ئاكامیشدا تێكدانى ڕایه‌ڵه ‌و په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى نێوان پێكهاته‌كانى عێراق.

بێگومان شه‌ڕ له‌ نێوان هه‌ردوولادا نابێته‌ هۆى سه‌ركه‌وتنى هیچ لایه‌ك، به‌ڵكوو له‌ هه‌موو بواره‌كانى ژیاندا وڵات به‌ره‌و هه‌ڵدێرى گشتى ده‌بات، بۆیه‌ له‌ ڕوانگه‌ى هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیاریه‌تى به‌رامبه‌ر گه‌لى كوردستان و عێراق، پێشنیار بۆ حكومه‌ت و ڕاى گشتی عێراق و جیهان ده‌كه‌ین:

1- ڕاگرتنى ده‌ستبه‌جێی ته‌قه‌كردن و هه‌موو جۆره‌ كردارێكى سه‌ربازى له‌ هه‌رێمى كوردستان.

2- سڕكردنى ئاكامى ڕیفراندۆم، كه‌ له‌ كوردستانى عێراق ئه‌نجام درا.

3- ده‌ستپێكردنى دیالۆگى كراوه‌ له‌ نێوان حكومه‌تى هه‌رێم  و حكومه‌تى فیدراڵ له‌ سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورى عێراق.

حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان   
            24/10/2017       

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com