نوچەنێت: تایبەت
ئەندام پەرلەمانێکی پارتی رایدەگەیەنێت، دواخستنی هەڵبژاردنەکان کارێکی گونجاو پێویست بوو، بۆئەوەی زەمینە سازی تەواو بکرێت بۆ ئەنجامدانی و دەشڵێت “دواخستنی هەڵبژاردنەکان دواکاری زۆربەی لایەنە سیاسیەکان بووە”.
رۆژی سێشەممە 24-10-2017، پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە، گرنگترین تەوەریشی بڕیاردان بوو لەبارەی هەڵبژاردنەکان، کە بەکۆی دەنگ پەرلەمان بڕیاریدا بەداوخستنی هەڵبژاردنەکان بۆماوەی هەشت مانگ، هەریەک لە فراکسیۆنەکانی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی هاوشێوەی کۆبوونەوەکانی پێشوو ئەم کۆبوونەوەشیان بایکۆت کرد.
لەلێدوانێکی تایبەن بەنوچەنێت، شوان شێخ ئەحمەد، ئەندام پەرلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی زەرد، لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم رایگەیاند: ئێمە لەگەڵ ئەوەدابوون هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا بکرێت بە ناوچەکوردستانیەکانی دەروەی ئیدارەی هەێمیشەوە، بەڵام بەهۆی ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی، کە لەکوردستان هاتووەتە پێش، بەگونجاومان زانی بۆماوەی هەشت مانگ دوابخرێت، کە دەکاتە دوو وەرزی پەرلەمان، بۆئەوەی زەمینە سازی تەواو بکرێت بۆ ئەنجامدانی، لەرووی سیاسی و ئەمنییەوە، هەروەها بتوانین یەکڕیزی لایەنە سیاسیەکانیش درووستبکرێتەوە.
شوان شێخ ئەحمەد، ئاماژە بەوە دەکات، درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان نایاسایی نییە و حکومەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان، دەتوانێت درێژە بەکارەکانی خۆی بدات، تاوەکو هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، چونکە هەرێمی کوردستان تووشی بارودۆخێکی نەخوازرو بووەتەوە. هەروەها کۆمسیۆن ناتوانێت لەو کاتەدا ئەنجامی بدات.
ئەندام پەرلەمانەکەی پارتی گوتیشی “دواخستنی هەڵبژاردنەکان دواکاری زۆربەی لایەنە سیاسییەکان بووە، لەگەڵ رێزم بۆ هەندێك لایەن، کە لەبەرپرسیارێتی رادەکەن، تەنها بۆ موزایەدەی سیاسی، باس لەوەدەکەن نابێت دوابخرێت، چونکە هیچ لایەنێکی سیاسی، لیستی کاندیدەکانی پێشکەشی کۆمسیۆنی نەکردبوو”.