مەكتەبی سیاسی یەكێتی: لە هیچ كەس و گروپێك قبووڵناكرێ‌ پەیڕەوی ناوخۆ پێشێل بكات

0

نوچەنێت

مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بڕیاری پێویست بۆ “شكۆی ئۆرگانەكان ‌و دیسپلینی ریزەكان” دراون، چیدیكە لە هیچ كەس و گرووپێك قبوڵناكرێ‌ دیسپلین ‌و پەیڕەوی ناوخۆ پێشێلبكات ‌و بڕیاری دەستەگەری زیانبەخش، بكرێتە بنەمای لێدوانی سەرلێشێواندن.

دوای کۆچی دوایی مام جەلال و هێرشەکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر کوردستان، رۆژی سێشەممە 24-10-2017 مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانی کوردستان یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجامدا و راگەیێندراوێکیشی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە “دەركەوت كۆبوونەوە و چاوپێكەوتن ‌و بەیاننامەی نابەرپرسیار، چەند زیانی لە یەكێتی گەیاندووە. بۆیە، یەكێتی ریزەكانی یەكێتی لەسەر بنەمای پرنسیپ ‌و رێسای حیزبایەتی‌ و چاونەپۆشین لە لادان ‌و سەرپێچی ئەو پرنسیپانە، هەتا دەسەڵاتەكان لەئۆرگانە رەسمیەكانی یەكێتی چڕبكرێتەوە، نەك گرووپی دەستەگەری لاوەكی. ئەم رێسا و پرنسیپانە مەرجی بنەڕەتی دەستەبەری یەكێتی ناو یەكێتین”.

مەکتەبی سیاسی یەکێتی رووداوەکانی کەرکوک و ناوچەکانی دیکەی بە “كارەساتی 16/ی ئۆكتۆبەر” ناوبردووە و بڕیایریداوە “لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی شارەزای بوارەكان، لەسەر تەواوی پرس‌ و پرۆسەكە، دوور لە مزایەدە و خۆدزینەوە لەبەرپرسیارێتی، بەتایبەتی لەسەر ریفراندۆم‌ و كارەساتەكە پێكبێنێ‌‌”.

سەبارەت بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت “شاندی حكومەت، لەو لایەنانەی لەحكومەتدا، ئەركەكانی حوكمڕانیی رادەپەڕێنن، بۆ دانوستاندن پێكبێ ‌‌و لەكاتێكی شیاویشدا، بەپێی بنەماكانی دەستووری هەمیشەیی، گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بكەن”.

دەقی راگەیێندراوەکە:

جەماوەری ستەملێكراوی كوردستان!

لەهەلومەرجێكدا كە نەتەوەكەمان‌و هێزە دیموكراتخوازەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چاوی ئومێدیان بڕیبووە بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیژیەكانی كوردستان، بەڵام مەخابن، روداوەكان، پێشبینیەكانی یەكێتی بۆ قبوڵكردنی بەدیلی ریفراندۆم، سەلماندو بەهۆی مومارەسەی مافی دیموكراسی، بەهۆی بێدەنگیی دەوڵەتە دۆستەكانی جیهان لەبەرامبەر ئەو بڕیارانەی لەبەغداد دژی هەرێم‌و ئەو هێرشە عەسكەریانەدا، هەتا ئەمڕۆ، هەروا لەرێی كەین‌وبەینی جۆراوجۆرو قۆزتنەوەی ناكۆكیەكانی حزبە كوردستانیەكان‌و كێشمەكێشەكانی ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، پیلانی ئیقلیمی لە(16/ی ئۆكتۆبەری2017) رێك لەهەمان رۆژو مانگدا كە ساڵی (1925) كۆمەڵەی گەلان ویلایەتی موسڵی شەتەكی عێراقی داتاشراو دا، دوای (92) ساڵ سەپێنرایەوە!

لەم هەلومەرجەدا بەسەرپەرشتی جێگری سكرتێری گشتی هەڤاڵ كۆسرەت رەسول، مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبونەوەی ئاسایی كرد.

ئەم كۆبونەوەیە، دوای ژیانئاوایی سەرۆك مام جەلال‌و نەمانی سایەی سەرۆكە بێهاوتاكەمانە لەسەرمان، ئەم كۆستی شكۆی نیشتیمانە، بێڕادە قورسە، بەو ئەندازەیەش ئەركی هەمومانی پڕاوپڕ لە بەرپرسیارێتی مێژوویی، بۆ پاراستنی یەكێتی ناو یەكێتی‌و یەكپارچەیی هەرێمی كوردستان، كرد. بەم بۆنەشەوە، جارێكی تر، سوپاسی زۆری هەموو دەوڵەتەكان، لایەنەكان، كەسایەتیەكان، بەتایبەتی حزبە كوردستانیەكان دەكەین، كە لەناو خەمباری پێشمەرگەو كەسوكاری شەهیدان‌و كوڵی گریان‌و فرمێسكی گەلەكەمان، جارێكی تر، سەلماندیانەوە كە سەرۆك مام جەلال، هەر سەرۆكی عێراق‌و كوردستان‌و فەرماندەی پێشمەرگە نەبووە، بەڵكو جێگەی رێزی تەواوی جیهان بووەو لەناخی نەتەوەكەشماندا، خۆشەویستیەكی دەگمەنی هەبووە.

جەماوەری كۆڵنەدەری كوردستان!

كۆبونەوەكە، دەرهەق بە سیاسەتی نێونەتەوەیی‌و ئیقلیمی‌و عێراقی، تەواوی دژواریەكان، مەترسییە جۆراوجۆرەكان، هەڕەشەكان، بێسەروبەری بڕیاری دەستەگەری لەبری بڕیاری دەستەجەمعی ئۆرگانە رەسمیەكانی یەكێتی. ئەم بڕگانەی تاوتوێكرد:

1- دۆخی گشتی ‌و كارەساتی (16/10/2017).

2- یەكێتی ناو یەكێتی.

 3- پەرلەمان ‌و هەڵبژاردن‌ و كۆمسیۆنی باڵا.

4- دانوستاندن لەگەڵ حكومەتی عێراق ‌و دەستووری هەمیشەیی.

5- پەیوەندی یەكێتی ‌و لایەنە كوردستانییەكان.

دۆخی دوای كارەساتی 16/ی ئۆكتۆبەر

1-    بۆ دۆخی گشتی‌و كارەساتی 16/ی ئۆكتۆبەر، كۆبونەوە بەوردیی لەسەر كۆی دۆخەكە، پێش ریفراندۆم‌و خودی ریفراندۆم‌و رووداوە نالەبارەكانی لێكەوتەی ریفراندۆم، بەچاوێكی رەخنەگرانەی دوور لە هەرەسانی، گفتوگۆی كرد و بڕیاردرا، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی شارەزای بوارەكان، لەسەر تەواوی پرس‌و پرۆسەكە، دوور لە مزایەدەو خۆدزینەوە لەبەرپرسیارێتی، بەتایبەتی لەسەر ریفراندۆم‌ و كارەساتەكە، پێكبێنێ‌‌ و لەبەر رۆشنایی ئەنجامەكانی لێكۆڵینەوە، بە گەڕانەوە بۆ بڕیارەكانی تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی لەسەر ریفراندۆم، باسی ریفراندۆم لەناو نەخشەرێگەی یەكێتی ‌و لەناو رێكەوتنامەی یەكێتی ‌و بزووتنەوەی گۆڕان، هەروەها بۆ سەرجەم كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی ‌و سەركردایەتی، تا دەگاتە كۆبونەوەی دوكان لە(15/10/2017) دوابۆچونی یەكێتی، رابگەیەنێ‌.

پیرۆزی یەكێتی ناو یەكێتی

2-    سەبارەت بە یەكێتی ناو یەكێتی؛ كۆبونەوە پێیوایە، دەركەوت، كۆبونەوەو چاوپێكەوتن‌و بەیاننامەی نابەرپرسیار، چەند زیانی لەیەكێتی گەیاندووە. بۆیە، یەكێتی ریزەكانی یەكێتی لەسەر بنەمای پرنسیپ‌و یاساو رێسای حزبایەتی‌و چاونەپۆشین لە لادان‌و سەرپێچی ئەو پرنسیپانە، هەتا دەسەڵاتەكان لەئۆرگانە رەسمیەكانی یەكێتی چڕبكرێتەوە. نەك گروپی دەستەگەری لاوەكی. ئەم رێساو پرنسیپانە مەرجی بنەڕەتی دەستەبەری یەكێتی ناو یەكێتین. لەمبارەوە، بڕیاری پێویست بۆ شكۆی ئۆرگانەكان‌و دیسپلینی ریزەكان، دران. چیكە لەهیچ كەسو گروپێك قبوڵناكرێ‌ دیسپلین‌و پەیڕەوی ناوخۆ پێشێل بكات‌و بڕیاری دەستەگەری زیانبەخش، بكرێتە بنەمای لێدوانی سەرلێشێواندن.

پەرلەمان‌و هەڵبژاردن

3-   پەرلەمان ‌و هەڵبژاردن‌و كۆمسیۆن؛ كاراكردنەوەی پەرلەمان، بەهەوڵی هەموولایەك، بەتایبەتی یەكێتی، دەستكەوتێكی تەشریعی‌ و چاودێریی گەورەیە. بۆیە پاراستنی ئەم دەستكەوتە، بەتەواوكردنی خولی ئاسایی پەرلەمان، زۆر گرنگە. بۆئەوەی لەتەنگژە یاساییەكانیش بەرەبەرە رزگارمان بێ‌، دەبێ‌، پەرلەمان چالاكتر ئەركەكانی راپەڕێنێ ‌‌و دەسەڵاتی سیاسیش هاوكاریان بێ‌. ئومێدەوارین، لەسەر بنەمای ئەرك‌ و ماف ‌و پاراستنی ئەزموونەكەمان، تەواوی لایەنەكان بەشداری دانیشتنەكانی پەرلەمان بكەن.

دانوستاندن ‌و دەستوور

4-    دانوستاندن لەگەڵ بەغدا و دەستووری هەمیشەیی؛ بڕیاردرا كە: دانوستاندنی بێمەرج، لەگەڵ  حكومەتی بەغدا و لەسێبەری ئاشتی‌ و راگرتنی شەڕوشۆڕ و پەلاماری گەلی كوردستان، ئەنجامبدرێ‌. بۆ ئەم ئەركەش، وەفدی حكومەت، لەو لایەنانەی لەحكومەتدا، ئەركەكانی حوكمڕانیی رادەپەڕێنن، بۆ دانوستاندن پێكبێ ‌‌و لەكاتێكی شیاویشدا، بەپێی بنەماكانی دەستوری هەمیشەیی، گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد بكەن. هەروەها توێژینەوەش بكرێ‌ كە چ لایەك، لەدوای نوسینی دەستورەوە، بەندەكانی دەستوری پێشێلكردووە. نەك حكومەتی عێراق، تەنها لەروانگەی ئەركەكانی دەسەڵاتەوە، دەستور شیبكاتەوەو مافە دەستوریەكان، رەچاونەكات. لەكاتێكیشدا، تەواوی لایەنە كوردستانیەكان‌و حكومەتی هەرێم، دانوستان‌و دەستوریان پەسەندە، چ پاساوێك بۆ حكومەتی بەغداد ماوە، درێژە بە پەلاماری عەسكەری‌و گەمارۆی ئابوری‌و ئازادی خەڵك بدات‌و، دەیان هەزار هاوڵاتی لانەواز بكرێ‌‌و لەم سەروبەندەی پایزو زستاندا بكەونە ژیانی كولەمەرگیی.

پەیوەندی یەكێتی لەگەڵ لایەنە كوردستانیەكان

5-    یەكێتی ‌و لایەنە كوردستانیەكان.. یەكێتی، دور لە كارو كاردانەوە، دژی تێكچونی پەیوەندی سیاسی لایەنە كوردستانیەكانە؛ بەڵكو لەم دۆخە دژوارەدا، جەخت لەسەر چارەسەركردنی كێشەی نێوان تێكڕای لایەنەكان دەكاتەوە، هەتا پێكەوە بتوانین، چاكسازی‌و گۆڕانكاری لەحكومەتدا ئەنجامبدەین‌و كێشەكان چارەسەر بكەین‌و پەرلەمانیش، ئەركی یاسارێژی‌و چاودێری رابپەڕێنێ‌. بەیەكیشەوە، پرۆژەی دەستور بەرەو قۆناغی كۆتایی بەرین‌و سیستەمی حوكمڕانی بەسیستەمی پەرلەمانی راستەقینە بگۆڕین. كێشەی چۆنیەتی چارەسەركردنی سەرۆكایەتی هەرێمیش، لەبنبەستی قۆناغی رابوردوو، سەرفراز بكەین‌و لەبەر رۆشنایی روداوەكانی ئێستاو قۆناغی لەمەودوا، بەرپرسانە، كۆتایی بەم پرسە نیشتمانییەش بهێنین.

لەكۆتاییشدا.. یەكێتی، بە یەك ئاراستەو یەك هەڵوێست‌و یەك ئیرادەوە، ئەركەكانی لەمەودوای رادەپەڕێنێ‌‌و بێوچان تێدەكۆشێ‌ بەچاوێكی رەخنەگرانەی هەمەلایەنەوە، تەنگوچەڵەمەو كەموكوڕییەكان، لەناو حكومەت‌و لەناو یەكێتیدا، چارەسەر بكات. وەكو سەرۆك مام جەلال فەرمویەتی، نە بە كەس دەڕوخێین‌و نە كەسیشمان لێ زیادە، هەموو هەڤاڵێك ئەركێتی یەكێتی ناو یەكێتی بپارێزێ‌. لەهەمانكاتدا، هەر هەڤاڵ‌و گروپێك ئازادن لەدەرەوەی یەكێتی رێبازی تر هەڵبژێرن.

–    هەزاران سڵاو لەگۆڕی پاكی شەهیدانی بەرەنگاری لەكەركوك‌و خانەقین‌و پردێ‌.
–    سڵاو لەخۆڕاگیی‌و قارەمانێتی گەلەكەمان.

–    سڵاو لەهێزی پێشمەرگەو لە ورەی پۆڵایینیان، كە دڵنیاین ئەم شكستە كاتییە، گیانی قارەمانێتیان بەهێزتر دەكات.

مەكتەبی سیاسی
یەكێتی نیشتمانی كوردستان
24/10/2017

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com