نوچەنێت
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ)، لەبارەی رووداوەکانی خوورماتوو راپۆرتێک بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، بەڵگەیان لەبەردەستە لە ناوچە کوردنشینەکان تاڵاکردن و وێرانکردن و سووتاندنی ماڵی خەڵک ئەنجامدراوە.
بەپێی راپۆرتی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ، کە وەک بەڵگە پشتی بە وێنە و ڤیدیۆی مانگی دەستکرد بەستووە، لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا ژیانی ژمارەیەکی لە هەژمارنەهاتووی پیاو و ژن و منداڵان لە خوورماتوو وێرانبووە و دەیان هەزار کەسیان بەهۆی تووندوتیژی و تاڵانکردنەوە دەربەدەربوونە.
لە راپۆرتەکەدا جەختکراوەتەوە، کە دوای ئەوەی لە 16ی ئۆکتۆبەر شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی لەگەڵ پێشمەرگە روویداوە، خەڵکی خورماتوو بە زۆرەملێ لە ماڵەکانیان دەرکراون”.
لین مالووف، بەرپرسی لێکۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ دەڵێت “لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا ژیانی ژمارەیەکی لە هەژمارنەهاتووی ژن و پیاو منداڵ بەهۆی رووداوەکانی خوورماتووەوە وێرانبووە”.
لیۆن مالووف دەشڵێت: ” هەزاران کەس ماڵ و کەسابەت و دووکان و هەموو شتێکیان لەدەستداوە و ئێستا لە کەمپ و شار و شارۆچکەکان پرسیاردەکەن ئاخۆ جارێکی دیکە دەتوانن بگەڕێنەوە ماڵەکانیان؟. داواش لە حکومەتی عێراق دەکات لێکۆڵینەوەی جددی لەبارەی پێشێلکارییەکان بکات و ئەنجامدەران بە سزا بگەیێنێت.
جیا لە وێنە و بەڵگەنامەکان، لە 18ی ئۆکتۆبەر تا 23ی ئۆکتۆبەر ئەمنستی وەکو شایەتحاڵی رووداوەکان چاوپێکەوتنی لەگەڵ 42 کەسی دەربەدەر ئەنجامداوە، سەرجەم شایەتحاڵەکان ئاماژەیان بە سووتاندن و ماڵوێرانکردن و تاڵانکردن کردووە و گوتوویانە بە هاون و گوللە هێرشیان کراوەتە سەر.