پەرلەمانتارێک: هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی حکومەت لەسەرەتاوە بەمردووی لەدایکبووە

0

نوچەنێت: تایبەت

ئەندام پەرلەمانێکی پارتی رایدەگەیەنێت، ئەو هەوڵانەی باس لە هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی هەرێم دەکات سەرناگرێت، چونکە کێشەکان بەهەڵوەشاندنەوەی حکومەت چارەسەر ناکرێت، بەڵکو کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە و دەشڵێت “ئەم هەوڵە لەسەرەتاوە بەمردووی لەدایکبووە”.

دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و دڵنیابوون لەوەی هەڵبژاردن ناکرێت، گەرمترین باس لەلای بزووتنەوەی گۆڕان و هەندێك قەوارە، كە خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئامادەكردبوو، حكومەتی رزگاری نیشتیمانییە بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانەی هەرێمی كوردستان تێیكەوتووە.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، مەردان خدر، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان، لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی كابینەی هەشتەمی حكومەت و پێكهێنانی حكومەتێكی رزگاریی نیشتمانی رایگەیاند: هیچ بەرنامەیەك نییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێم، ئەو هەوڵانەش سەرناگرێت، کە باس لە هەڵوەشاندنەوە دەکات، چونکە کێشەکان بە هەڵوەشاندنەوەی حکومەت چارەسەر ناکرێت، بەڵکو کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە.

هەروەها ئەندامەکەی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان گوتی “بۆ ئەوەی بەرەنگاری ئەم دۆخە نەخوازراوەی ئێستا ببینەوە، کە رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە، بەتایبەت ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، پێویستمان بە یەک هەڵوێستی و یەکڕیزی زیاتر هەیە، بۆئەوەی بەهێزەوە بچینە ناو ئەو گفتوگۆیەوە، کە چاوەڕوان دەکرێت لەروژانی داهاتوودا لەگەڵ بەغدا دەستپێبکات”.

مەردان خدر، داواش لە هێز و لایەنەسیاسییەکانی باشوری کوردستان دەکات، پێکەوە دابنیشن بۆ گفتوگۆی جددی. هەروەها سەرجەم لایەنەکان بەشداری کوبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان بن و پشتگیری دامەزراوە شەرعیەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.  

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com