نوچەنێت: تایبەت
سەرۆکی فراکسیۆنی پێشکەوتنی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، دیالۆگ و گفتوگۆ باشترین رێگاچارەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دەڵێت “هێشتا کات درەنگ نییە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە رەواکانی گەلەکەمان، چونکە خەڵکی کوردستان خەڵکێکی خۆڕاگر و خاوەن ئیرادەیەکی بەهێزە”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، مونا قەهوەچی، سەرۆکی فراکسیۆنی پێشکەوتنی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە نەخوازراوەی ئێستا، کە هەرێمی کوردستانی تێکەوتووە رایگەیاند: دیالۆگ و گفتوگۆ باشترین رێگاچارەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، نابێت چیدیکە دەستوور پێشێلبکرێت، ئەو هێزانەش رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە، دەبێت بەدەستور یەکلاییبکرێنەوە و گوتیشی”پێویستە پێکهاتە تورکمانیەکان، خۆیان بەدوور بگرن لەدەستێوەردانی حزبەکان و نەبنە ئامرازێك بۆ ئەوەی هەر حزبێك بۆ مەرامی سیاسی خۆی بەکاریان بهێنێت”.
مونا قەهوەچی، بۆ چارەسەری کێشەکان لەبنەڕەتەوە، جەخت دەکات لەوەی، دەبێت سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکان، کێشە ناوخۆییەکان بەلاوەبنێن و بەرژەوەندی گشتی خەڵکی کوردستان لەبەرچاوبگرن. دەشڵێت “لەم دۆخە نەخوازراوەدا لەبەرژەوەندی کەسدا نییە، کە حزبێک هەڵوێستی نەبێت و لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دانەنیشێت، چونکە هەموومان یەك ئامانجمان هەیە، ئەویش رزگارکردنی کوردستانە، بە تەواوی پێکهاتەکانیەوە”.
هاوکات، داواش لەحزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکات، بەتایبەت ئەوانەی تاکو ئێستا لەپرۆسەی سیاسی راستەوخۆ نایانەوێت بەشداربن، دەبێت بەشداریەکی کارایان هەبێت و بیر لەئایندەیەکی گەش بکەینەوە بۆ کوردستان.
ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەشدەکات، پەرلەمانی کوردستان، کە دامەزراوەیەکی شەرعییە، دەبێت هەموومان پێداگری بکەین لەسەر مانەوەی، نابێت لە بۆشایی یاسایدا بەرژەوەندی حزبەکان جێبەجێبکرێت.