نوجەنێت
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، راگەیەندراوێکی لەبارەی خۆپیشاندان و کاروچالاکییە مەدەنییەکانی لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند “بەهیچ شێوەیەك قبووڵ ناكرێت خراپەكاری بەرامبەر بە نێردە دیپلۆماسییەكان و شوێن و ئۆفیسەكانیان لە هەرێمی كوردستان بكرێت”.
رۆژی یەکشەممە 22-10-2017، وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەدات “حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەكاندا بڕوای تەواوی بە ئازادیی خۆپێشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی و هەموو چالاكییەكی مەدەنی رێگەپێدراو هەیە، بەڵام بەهیچ شێوەیەك قبووڵ ناكرێت، خراپەكاری بەرامبەر بە نێردە دیپلۆماسییەكان و شوێن و ئۆفیسەكانیان لە هەرێمی كوردستان بكرێت و هەموو رێكارێكی یاسایی بەرامبەر بە هەر كارێكی نابەجێی بەو شێوەیە دەگیرێتەبەر”.
وەزارەتی ناوخۆ بە تووندی سەركۆنەی هەوڵی تێكدەرانەی رۆژانی رابردووی چەند كەسێك بەرامبەر كونسوڵخانەی كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و هەوڵی بێڕێزیكردن بەرامبەر بە ئاڵاكەیان دەكات و دەشڵێت “كردەوەیەكی ئاوا بەرامبەر ئاڵای هیچ وڵاتێك لە هەرێمی كوردستان مایەی قبووڵكردن نییە”.
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی دەکاتەوە “ئەو كردەوانە كردەوەی تاكەكەسین و و دەزگاكانمان هەموو رێكارێكی یاسایی بەرامبەریان دەگرێتەبەر”.
رۆژی هەینی 20-10-2017 کۆمەڵێک خۆپیشاندەر بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە رۆڵی ئێران لە هێرشەکانی حەشدی شەعبی بۆ باشووری کوردستان و ئاوارەبوونی خەڵک، چوونە بەردەم کۆنسوڵخانەی ئێران لە هەولێر و ئاڵای کۆماری ئیسلامییان هێنایە خوارەوە.
دواتر کۆنسوڵخانەی ئێران لە هەولێر رایگەیاند، داگرتنی ئاڵای ئێران لەلایەن کۆمەڵێک خۆپیشاندەرەوە سەرکۆنە کرد و ئەو کردەوەی وەک دەستدرێژی بۆ سەر ئەم “ناوەندە دیپلۆماتیکە” لە قەڵەم داوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش لە بەیاننامەیەکدا، وێڕای ئیدانەکردنی داگرتنی ئاڵای کۆماری ئیسلامی، ئەمەی وەک سووکایەتی بە وڵاتی دۆست و دراوسێ و هەڕەشە بۆ فەرمانبەرەکانی لە قەڵەم داوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی شەممە 22-10-2017، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و لە بەشێکی پەیامەکەیدا داوای لە هەموو کوردستانیانی دانیشتووی ئەوروپا و ئەمەریکا کرد بە شێوەیەکی یاسایی و ئاشتییانە بۆ پاڵپشتیکردنی کورد و کوردستان خۆپیشاندان و چالاکی مەدەنی ئەنجام بدەن و داوای هاوکاری گەلانی ئەو وڵاتانە بکەن کە تیایدا نیشتەجێن.