تایبه‌ت: نوچه‌نێت
په‌رله‌مانتارێكی پارتی له په‌رله‌مانی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، تا ئێستا لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كان نه‌گه‌شتونه‌ته رێككه‌وتن، ده‌شڵێت “هه‌تا 6/11/2017 نه‌گه‌ینه رێككه‌وتن په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه.
مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به مه‌رسومێكی هه‌رێمی بڕیاری ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ده‌ركردبوو، به‌لام له چه‌ند رؤژی رابردوودا كۆمسیۆنی بالای هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له به‌یاننامه‌یه‌كدا هه‌ڵپه‌ساردنی كاره‌كانی خۆی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان ڕاگه‌یاند، به پاساوی نه‌گونجانی بارودۆخی هه‌ریم و چه‌ند هۆكارێكی دیكه.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، فه‌رحان جه‌وهه‌ر، په‌رله‌مانتاری پارتی له په‌رله‌مانی كوردستان سه‌باره‌ت به رێككه‌وتنی لایه‌نه‌كان بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كان ڕایگه‌یاند: تا ئێستا لایه‌نه‌كان نه‌گه‌شتونه‌ته رێككه‌وتن بۆ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌یه‌ك بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ئەم خولەی په‌رله‌مانی كوردستان.
ناوبراو ئه‌وه‌ش ئاشكرا ده‌كات، لایه‌نه‌كان هه‌ڵوێستیان جیاوازبووه بۆ كاتی درێژكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و پارتی داوای كردوه هه‌ڵبژاردنه‌كان ته‌نها بۆ هه‌شت مانگ دوابخرێت. به‌شێك له لایه‌نه‌كانی دیكه داوای كاتی تریان كردووه.
فه‌رحان جه‌وهه‌ر هۆشداری ئه‌وه‌ش ده‌دات، ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌تا 6/11/2017 نه‌گه‌نه ریككه‌وتن، ئه‌وا په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه و حكومه‌ت-یش ده‌بیته كاربه‌ریكه‌ر.