نوچەنێت
گوتەبێژی نوسینگەی راگەیاندنی حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، دیارترین مەرجەكانی بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی كوردستان ئاشكراكرد و دەڵێت “كۆنترۆڵكردنەوەی فڕۆكەخانەكان، دەروازە سنووریەكان و ناوچە جێناكۆكەكان بەشێوەیەكی كردەیی ئەنجامەكانی گشتپرسی بۆ جیابوونەوەی هەرێمی كوردستان كۆتایی پێهێنا”.
لە رۆژی 16-10-2017 هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق هێرشیانکردە سەر خورماتوو و کەرکوک و دوای ئەوەی لە کەرکوک بەشێکی هێزی پێشمەرگە کشانەوە و بەرگرییان نەکرد ، کەرکوک دەستی بەسەردا گیرا. هەروەها ناوچەکانی دیکەی درەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش لەلایەن حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکانەوە دەستی بەسەردا گیرا.
ئەمڕۆ شەممە 21-10-2017 سەعد حەدیسی، گوتەبێژی نووسینگەی راگەیاندنی حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی “حكومەتی عێراق هیچ وادەیەكی دەستنیشان نەكردووە بۆ پێشوازیكردنی شاندی فەرمی كورد بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا، بەڵام دەرگاكانی گفتوگۆ هەمیشە بۆ هەر كەسێك و شاندێكی دانوستاندكار لەسەر پشتە.”
حەدیسی گوتیشی “بەدڵنیاییەوە ئەنجامدانی هەر گفتوگۆیەك لەگەڵ بەغدا بە مەرج دەبێت، لەوانە یەكپارچەیی عێراق، دستوور، رادەستكردنەوەی دەروازە سنوورییەكان، فڕۆكەخانەكان، سامانەكانی وڵات، هێزەكانی پێشمەرگە، دەزگا ئەمنییە كوردییەكان، سەپاندنی یاسا لە ناوچە جێناكۆكەكان و رێگرتن لەهەر ئاكارێكی پێچەوانەی دەستوور لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە”.
گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت “بە هیچ شێوەیەك قسەكردن لەسەر گشتپرسی و ئەنجامەكانی ناكرێت، حكومەتی عێراقیش بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی گشتپرسی پشتی بە بڕیاری دادگا بەستووە، سەرەڕای بڕیاری پەرلەمان بە گرتنەبەری هەر هەنگاوێك بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەتی فیدراڵی، بێگومان توانی لە رێگەی سەپاندنی ئاسایش ئەنجامەكانی گشتپرسی و سەرجەم ئیمتیازاتە سەروەرییەكانی هەرێم بەشێوەیەكی كردەیی هەڵوەشێنێتەوە”.