نوچەنێت
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەبارەی دۆخی باشووری کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردوە و تیایدا داوا لە گەلانی جیهان و ڕای گشتی و ئازادیخواز و ڕۆشنبیرانی سەرتاسەری جیهان دەکات، کە پشتیوانی گەلی کوردستان بن و ڕێگە لە جینۆساید و کارەساتێکی تازە بگرن، کە بەسەر گەلەکەماندا دێت و گوشار بخەنە سەر حکومەتەکانتان و ناوەندەکانی بڕیار، بۆ ئەوەی بێنە دەنگ لەسەر ئەو ستەمەی، کە لە گەلی کوردستان دەکرێت.
بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
جەماوەری سەربەرزی کوردستان
کوردستانیانی دەرەوەی وڵات
ڕای گشتی جیهان
پاش ئەوەی گەلی کوردستان بە شێوەیەکی ئاشتییانە تەعبیری لە ڕای خۆی کرد لە دیاری کردنی چارەنووس، کە مافێکی ئاسایی و سروشتی هەر گەل و نەتەوەیەکە، ئێستا گەلەکەمان کەوتووەتەوە بەر هەڕەشە و ئابلوقە و سزادانی بە کۆمەڵ. حکومەتی عێراقیش بە ناوی فەرزکردنی یاسا وا خەریکی سزادانی میللەتێکە، کە تەنیا ڕای خۆی دەربڕیوە و هیچ تاوانێکی نەکردووە. ئەو سزادانەی، کە لە دژی گەلەکەمان هەیە پێشێلکردنی هەموو سنوورەکان و یاسا و دەستوری عێراقە و هاوکات بە گەلەکۆمەکی دەیانەوێت ئیرادەی خۆیان بەزۆری چەک و شەڕ بەسەر گەلەکەماندا بسەپێنن و شکۆی گەلەکەمان بشکێنن. ئەوەش بووەتە هۆی تێکدانی ژیانی خەڵک و ئاوارەبوونی زیاتر لە سەد و پەنجا هەزار کەس.
لێرەدا موخاتەبەی ویژدانی گەلانی جیهان و ڕای گشتی و ئازادیخواز و ڕۆشنبیرانی سەرتاسەری جیهان دەکەم، کە پشتیوانی گەلی کوردستان بن و ڕێگە لە جینۆساید و کارەساتێکی تازە بگرن، کە بەسەر گەلەکەماندا دێت و گوشار بخەنە سەر حکومەتەکانتان و ناوەندەکانی بڕیار، بۆ ئەوەی بێنە دەنگ لەسەر ئەو ستەمەی، کە لە گەلی کوردستان دەکرێت. چونکە حکومەتەکان لەبەر بەرژەوەندییەکانیان، قوربانی خەڵکی کوردستان و پێشمەرگەیان لە بیر چووە، کە لە شەڕی تیرۆرستانی داعش بەخشیویانە و لە جیاتی هەموو جیهان بەرسینگی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعشیان گرتبوو و هەزاران شەهید و بریندارمان لەو پێناوەدا. بۆیە داوا دەکەم، ڕێگە لەم شەڕ فرۆشتن و کوشتار و پێشێلکاری و ئاوارە کردنی خەڵک بگرن، کە حکومەتی عێراقی لە ڕێگەی میلیشیا و هێزەکانییەوە بە هاوکاری و ڕێنمایی دەرەکی لە دژی کوردستان ئەنجامی دەدات.
هەر لێرەدا داوا لە هەموو کوردستانیانی دانیشتووی ئەوروپا و ئەمەریکا دەکەم، کە بە شێوەیەکی یاسایی و ئاشتییانە بۆ پاڵپشتی کردنی گەلەکەمان، خۆپێشاندان و چاڵاکی مەدەنی ئەنجام بدەن و داوای هاوکاری گەلانی ئەو وڵاتانە بکەن، کە تیایدا نیشتەجێن، کە ئەم شەڕ و ئابلوقەیە لە دژی گەلەکەمان بە زووترین کات ڕابگرن. داواکارم دەنگی مەزلومییەتی کوردستان و پەیامی ئاشتیخوازانەی گەلەکەمان بە جیهانییان بگەیێنن.
مسعود بارزانی
٢٠ی ١٠ی ٢٠١٧