نوچەنێت
فەرماندەیی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە چەكی ئەمەریكی كە بە سوپای عێراقی دراون و بە بەشداریی تۆپچییەكانی ئێران هێرشێكی بەرفراوانیان كردووەتە سەر هێزەكانی پێشمەرگە لە پردێ. دەشڵێت “زیاتر لە دە هامەر و تانكێكی ئەبرامزیان لەناو براون”.
دەقی راگەیێندراوەکە
كاتژمێر هەشتی بەیانیی ڕۆژی هەینی 20ـی 10ـی 2017 میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە چەكی ئەمەریكی كە بە سوپای عێراقی دراون و بە بەشداریی تۆپچییەكانی ئێران هێرشێكی بەرفراوانیان كردووەتە سەر هێزەكانی پێشمەرگە لە پردێ. تا ئێستا هەموو هێرشەكانیان تێكشكێندراون و زیاتر لە دە هامەر و تانكێكی ئەبرامزیان لەناو براون.
لەو ڕووبەڕووبوونەوەیەدا هێزی پێشمەرگەی كوردستان قارەمانانە بەرگریان كردووە و شەرەفێكی گەورەیان تۆمار كردووە.
دیارە مەبەست لەو پەلامارە ئەوەیە كە حكومەتی عێراقی تا كۆتایی سنوورە ئیدارەییەكانی پارێزگای كەركوك بگەڕێتەوە.
فەرماندەیی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان
20ـی 10ـی 2017