نوچەنێت
ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، بە تۆمەتی ناوبردنی هێزە عێراقییەکان بە “هێزی داگیرکەر” لە کەرکوک. بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ کۆسرەت رەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی دەرکرد.
دادوەر عەبدولستار بەیرەقدار، گوتەبێژی فەرمی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، دادگای لێکۆڵینەوەی رەسافە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ کۆسرەت رەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەرکردووە، بەهۆی لێدوانەکانی ئەم دواییانەی، کە هێزەکانی سوپای عێراقی و پۆلیسی فیدراڵی لە پارێزگای کەرکوک بە هێزی داگیرکار ناوبردووە.
گوتەبێژی ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەڵێت “دادگا پێیوایە ئەو لێدوانەی کۆسرەت رەسول، ئیهانە و هاندانە بۆ سەر هێزە چەکدارەکان و لەسەر بنەمای ماددەی 226 یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە”.
دەقی ماددەی 226:
“سزای زیندانی لە 7 ساڵ زیاتر نەبێت یاخود دەستگیرکردن، یان غەرامەکردن، بەهۆی بێڕێزیکردن بە یەکێک لە رێگا ئاشکراکان، ئەنجومەنی ئومە، حکومەت، دادگاکان، هێزە چەکدارەکان، یاخود هەر لایەنێکی دیکە لە دەستە نیزامییەکان، یاخود دەسەڵاتی گشتی، یاخود بەرژەوەندی، یاخود فەرمانگە فەرمی و نیمچە فەرمییەکان”.