نوچەنێت
رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە راپۆرتێکیدا رایدەگەیەنێت، بەهۆی رێککەوتنی بافڵ تاڵەبانی و قاسم سولەیمانی هێزە کوردییەکان کەرکووکیان جێهێشت و رادەستی هێزەکانی عێراقیان کرد.
رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە راپۆرتێکدا، کە رۆژی چوارشەممە 18-10-2017 بڵاویکردووەتەوە نوسییەتی، هێزە کوردییەکان کەرکویان جێهێشت، کە لەدوای 2003وە کۆنترۆڵی شارەکەیان بەدەستەوەبوو.
رۆژنامەکە راپۆرتێکی مەیدانی لەبارەی بارودۆخی شارەکە بڵاوکردووەتەوە و بۆچوونی بەشێک لە خەڵک و پێشمەرگەی لەنێو شاری کەرکوک وەرگرتووە، ئەوانەی قسەیان بۆ رۆژنامەکە کردووە هەموویان دەڵێن: “شارەکە فرۆشراوە و ئەوەی روویداوە خیانەت بووە”.
گاردیان هەروەها نووسیویەتی، کەوتنی کەرکووک بەهۆی رێککەوتنی بافڵ تاڵەبانی، کوڕی جەلال تاڵەبانی و جەنەڕاڵ قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بووە، کە بووە هۆی کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و بەرگرینەکردن بەرامبەر بە سوپای عێراق.
رۆژنامەکە باسی لەوەش کردووە،کە بەهۆی رێککەوتنەکەوە رۆژی دووشەممە 16-10-2017 پێشمەرگەی سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەرگرییان نەکرد و رێگەیاندا هێزە عێراقیەکان بە ئاسانی بچنە شارەکەوە.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەیدا رۆژنامەکە ئاماژەی بە راگەیەندراوەکەی مەسعود بارزانی کردووە، کە رۆژی سێشەممە بڵاویکردەوە و تێیدا دەڵێت، ئەوەی لە کەرکوک روویدا لە ئەنجامی بڕیاری چەند کەسێکی سەر بە لایەنێکی سیاسی بوو، کە وایکرد پێشمەرگە بکشێتەوە.