نوچەنێت
مەسعود حەیدەر، پەرلەمانی عێراق لە لیستی بزووتنەوەی گۆڕان نێوەڕۆکی رێککەوتنی نێوان بافل تاڵەبانی و هادی عامری بڵاودەکاتەوە.
ئەو رێککەوتنە لە نۆ خاڵ پێکهاتووە، لە خاڵی یەکەمدا باس لە گەڕانەوەی هێزە عێراقییەکان بۆ ناوچەکانی کوردستان دەکات بەبێ شەڕ. هەروەها درووستکردنی هەرێمی سلێمانی و کەرکوک و هەڵەبجە و دروستکردنی حکومەتێکی نوێ بۆ ئەو هەرێمە نوێیە.
دەقی راگەیەندراوەکەی مەسعود حەیدەر:
دەقی رێککەوتنی بافڵ تاڵەبانی و ھادی عامری بۆ گەڕانەوەی ھێزە عێراقییەکان بۆ ناوچە دابڕاوەکان:
لە ماوەی رابردوو دوای پرۆسەی ریفراندۆم و بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی و نێوانگیری قاسم سلێمانی رێککەوتنێکی نۆ خاڵی لە نێوان بافڵ تاڵەبانی و ھادی عامری ئیمزا کراوە، کە چەند خاڵێک لەخۆدەگرێت و لە ئەنجامدا دەبێتە مایەی لەگۆڕنانی مافی چارەی خۆنووسین بۆ ماوەیەکی نادیار. خاڵەکانی ئەم رێککەوتنە لە بیرۆکەیەکی فەرەنسیەوە سەرچاوەی گرتووە بۆ دابەشبوونی ھەرێمی کوردستان بۆ دوو ئیدارە یان دوو ھەرێم بۆ ئەوەی کورد بیر لە مافی چارەی خۆنووسین نەکاتەوە لە ئایندەی نزیکدا.
1. گەڕانەوەی ھێزەکانی عێراق بۆ ناوچە دابڕاوەکان و کشانەوەی ھێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە بەبێ شەڕ.
2. تەسلیمکردنی 17 یەکەی ئیداری (قەزا و ناحیە و ناوەندی کەرکوک) بە دەسەڵاتی ئیتحادی، کە لە دوای ساڵی 2014 حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئیدارەی دەدات. ئەگەر ئەوانە تەسلیم نەکرێت ئەوا عێراق داوای 11 یەکەی ئیداری دیکەش دەکات، کە پاش 2003 ھەرێم ئیدارەی دەدات. کۆی گشتی دەبێتە 28 یەکەی ئیداری.
3. ناوەندی کەرکوک ئیدارەی ھاوبەش دەبێت، 15 گەڕەکی کوردی لەلایەن کوردەوە ئیدارە دەدرێت و 25 گەڕەکی تری پێکھاتەکانی تر خۆیان ئیدارەی دەدەن و ئەم حاڵەتە بۆ شەش مانگ بەردەوام دەبێت.
4. جێگا ستراتیژییەکانی کەرکوک لەلایەن حکومەتی ئیتیحادی بەڕێوەدەبرێت، مەعەسکەر کەیوان و فڕۆکەخانە و بیرە نەوتەکانی کەرکوک.
5. کردنەوەوی فڕۆکەخانەی سلێمانی بەڕووی گەشتی نێودەوڵەتی.
6. پێدانی موچەی فەرمانبەرانی سنووری سلێمانی و کەرکوک لەلایەن حکومەتی ئیتیحادییەوە.
7. پێدانی موچەی پێشمەرگەی سنووری سلێمانی، بەپێی لیستی ئامادەکراو لەلایەن بافڵ تاڵەبانی.
8. درووستکردنی ھەرێمی ھەڵەبجە- سلێمانی- کەرکوک
9. تەشکیلکردنی حکومەتێک بۆ ئەم ھەرێمە نوێیە.
ئەم زانیاریانە لەو وەرەقە وەرگیراوە، کە ھەردوولا واژۆیان کردووە، ئەوەی جێگەی تێبینییە، بەڕێز هادی عامری سەرکردەی حەشدە و سیفەتی فەرمی نییە لە حکومەتی ئیتیحادی.
مەسعود حەیدەر
ئەندام پەرلەمانی عێراق
16-10-2017