نوچەنێت
فەرماندەیی گشتی هێزی پێشمەرگە لەبارەی رەوشی کەرکوک پەیامێک بڵاودەکاتەوە و داوا لە هێزەکانی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان دەکات ئەوەی لەدەستیان دێت بۆ پاراستنی کەرکووک بیکەن.
راگەیەندراوێك لە فەرماندەیی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان
هاوڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان
ڕای گشتی ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان
بەڕەبەیانی ئەمڕۆ 16ـ 10ـ 2017 هێزەكانی حەشدی شەعبیی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانی بە فەرماندەیی ئیقبالپوور و بە هاوكاریی هێزەكانی عێراقی هێرشێكی بەرفراوانیان بۆ سەر كەركوك و ناوچەكانی دەورووبەری كەركوك دەست پێكردووە. ئەو هێرشە بە ئاشكرا ڕاگەیاندنی شەڕە لەدژی گەلی كوردستان.
ئەو پەلامارە، كە لە لایەن حكومەتی عێراقی و حەشد و هێزەكانی سەر بە قەرارگای قودسی سوپای پاسداران ئەنجام دراوە، تۆڵەسەندنەوەیە لە خەڵكی كوردستان، كە داوای ئازادیان كردووە و تۆڵەیە لە خەڵكی سەربەرزی كەركوك كە هەڵوێستی مەردانەیان نواندووە.
بە داخەوە هەندێ بەرپرسی یەكێتیش یارمەتیدەری ئەو پیلانگێڕییەی دژی گەلی كوردستان بوونە و خیانەتێكی گەورە و مێژوویییان لە كوردستان و ئەو شەهیدانە كردووە، كە لەژێر ئاڵای یەكێتی گیانی خۆیان فیدای كوردستان كردووە. ئەم چەند بەرپرسە، هەندێ شوێنی هەستیاریان بە بێ شەڕ بۆ هێزەكانی حەشد و سوپای پاسدارانی ئێرانی چۆڵكردووە و كاك كۆسرەتیان بە تەنیا جێ هێشتووە.
بە گشت لایەكیش ڕادەگەیێنین كە ئەو پەلامارەی حەشد و هێزەكانی عێراقی بە چەك و زڕێپۆش و دەبابەی ئابرامزی ئەمەریكی و چەکی تری هاوپەیمانان ئەنجام دراوە. ئەو چەكە ئەمەریكیانە دەمێكە لەژێر ناوی شەڕی داعش بە سوپای عێراق و حەشد دەدرێت، ئەوە لە حاڵێكدابوو كە لە شەڕی داعشدا پێشمەرگە چەكی پێویستی پێ نەدرا بۆ شەڕ و بەرگری لە بەرانبەر تیرۆریستاندا.
لێرەدا گەلی كوردستان لەوە دڵنیا دەكەینەوە، كە سەرباری بوونی ناپاكی هەندێ بەرپرس و پیلانگێڕیی حكومەتی عێراق و سوپای پاسدارن، بەڵام هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە ورەیەكی بەرزەوە لە هەموو شوێنەكان بەرگرییەكی قارەمانانە دەكات و جەختیش لەوە دەكەینەوە، كە مومكین نییە بە پیلانگێڕی ئیرادەی گەلی كوردستان تێكبشكێت و ڕێگە بدەین نەیارانی گەلی كوردستان سەربكەون.
داوا لە هەموو پێشمەرگە ڕاستەقینەكانی گەل و وڵات و جەماوەری خۆڕاگر و دوژمن بەزێن دەكەین، ئەوەی لە دەستیان بێت بیكەن بۆ بەرخودان و تێكشكاندنی پەلاماردەران. بەرپرسی یەكەمی شەڕفرۆشتن بە گەلی كوردستان حكومەتەكەی عەبادییە و دەبێ بە قورسی باجی ئەو زوڵمەی بدات.
فەرماندەیی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان
16ـی 10ـی 2017