ئێران سنورە فەرمییەکانی بەڕووی هەرێمی کوردستاندا داخست

0

نوچەنێت

بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئێران هەرسێ‌ خاڵە سنوورییە فەرمییەكەی بەڕووی هەرێمی كوردستاندا داخستوون و هاتووچۆ و مامەڵەی بازرگانی تەنیا لە دەروازە نیچمە فەرمییەكان بەردەوامە. بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، رەنگە داخستنەکە کاتی و بۆ ماوەی 48 کاژێر بێت. وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت ئاگاداری بڕیارێکی لەمجۆرە نین.

ئێران ‌و هەرێمی كوردستان شەش خاڵی سنووری ‌و دەروازەی فەرمی هاوبەشیان هەیە، لەوانە دەروازەکانی پەروێزخان ‌و باشماخ ‌و حاجی ئۆمەران دەروازەی سنووری فەرمین ‌و هەریەك لە دەروازەكانی كێلێ‌ ‌و سەیرانبەن ‌و تەوێڵەش دەروازەی نیمچەفەرمین.

ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ لە هەرێمی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، رۆژی یەكشەمە 15-10-2017، كۆماری ئیسلامیی ئێران هەرسێ‌ خاڵە سنوورییە فەرمییەكەی (پەروێزخان، باشماخ ‌و حاجی ئۆمەران)ی بەڕووی هەرێمی كوردستاندا داخستوون‌. گوتیشی: “ئەوەندەی بەدواداچوونمان بۆ داخستنەكە  كردووە، لە تارانەوە فەرمانیان پێكراوە ‌و ناشزانین داخستنەكە تاوەكو كەی بەردەوام دەبێت”.

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ لە هەرێمی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، بڕیارەکە تەنیا دەروازە فەرمییەکانی گرتووەتەوە و مەرزەكانی كێلێ‌ ‌و سەیرانبەن ‌و تەوێڵە، كە مەرزی نیمچەفەرمین لەگەڵ ئێران، دانەخراون. لەبارەی هەڵوێستی تورکیاش گوتی: “لە خاڵی سنووری دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل، کە تاکە دەروازەی فەرمی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیایە، هاتووچۆ ‌و ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەردەوامە ‌و رانەگیراوە”.

هاوکات نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێران بە (رووداو)ی راگەیاند، بەرپرسانی ئێران ئاگاداریان كردوونەتەوە، كە داخستنی دەروازەکان بەڕووی هەرێمی كوردستاندا بەپێی رێككەوتنێك بووە لەنێوان ئێران ‌و توركیا ‌و عێراق.

دەباغ گوتیشی: “لە ئێستاوە ئێران سنوورەكانی بەڕووی هەرێمی كوردستاندا داخستوون، تەنیا هاتووچۆ بۆ ئەو كەسانە هەیە، كە لە هەردوو سنوورەكەدا ماون ‌و دەیانەوێ‌ بگەڕێنەوە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com