نوچەنێت
سوپای عێراق لە سنووری کەرکوک پێشمەرگە ئاگاداردەکاتەوە و داوایان لێدەکات تاوەکو کاژێر 12:00 پاشەکشە بکەن. فەرماندەیەکی پێشمەرگەش دەڵێت هەر جوڵەیەک بکەن بەتووندی وەڵامیان دەدەنەوە.
کەمال کەرکوکی، بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکوک بە (رووداو)ی راگەیاند: سوپای عێراق و حەشدی شەعبی سوورن لەسەر ئەوەی پێشمەرگە ناوچەکە چۆڵ بکات و داوایان کردووە، تاوەکو کاژێر 12:00ی شەو پاشەکشە بکەن”.
بە ئاماژەکردن بەوەی بەنیازن لە سنووری میحوەری رۆژئاوای کەرکووکەوە هێرش بکەنە سەر پێشمەرگە، کەمال کەرکووکی رایگەیاند: “لەدوای کاژێر 12:00ی شەو لە سنووری کەرکووک لە هەر چرکەساتێکدا ئەگەری پێکدادان و شەڕ لەئارادایە، سوپای عێراقیش هەر پێشڕەوییەک بکات وەڵامی تووندیان دەدەینەوە”.
کاژێر 02:00 ی ئەمشەو مۆڵەتەکەی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ کورد کۆتایی دێت. لەبارەی تەواوبوونی وادەکەش سەعد حەدیسی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئەمشەو رایگەیاند: “هیچ وادەیەکمان بۆ کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دیارینەکردووە، بەڵام دەبێت هێزەکانی پێشمەرگە بکشێنەوە و هێزە عێراقییەکان لەو ناوچانە بڵاوببنەوە”.