نەجمەدین کەریم: هەناردەی نەوتی کەرکوک رانەوەستاوە

0

نوچەنێت

پارێزگاری کەرکوک رایدەگەیەنێت، هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر هەناردەی نەوتی کەرکوکدا نەهاتووە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا. بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکوک-یش دەڵێت “حەشدی شەعبی دەبێت لە حەمرینەوە بڕۆنە ئەولاوە، ئەگەر بەخۆشی بێت باشترە لەوەی بە هەڵاتن رابکەن”.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ کەمال کەرکوکی، نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکوک رایگەیاند، خەڵکی کەرکوک لە ورەیەکی بەرزدان و شاری کەرکوک ئارامە و ژیان لە شارەکە ئاساییە، خەڵک داوا دەکەن بە خۆبەخش ناو بنووسن بۆ ئەوەی بەرگری بکەن.

نەجمەدین کەریم راشیگەیاند، دەستپێشخەری بۆ شەڕ ناکەین، بەڵام بە پشتیوانی پێشمەرگە بەرگری لە شارەکە دەکەن و رێگە نادەن هیچ هێزێک بێتە ناو شارەکە.

پارێزگاری کەرکوک گوتیشی “هەمیشە پەیوەندیمان لەگەڵ فەرماندەکانی پێشمەرگە و کاک مەسعود و کاک کۆسرەت رەسول هەیە و هاوئاهەنگی زۆر باش هەیە”.

نەجمەدین کەریم راشیگەیاند “خوشحاڵم کە سەردانی میحوەری پێنج دەکەم، دوێنێ لە میحوەری چوار بووین، سەردانەکانمان بۆ ئەوەیە بزانین پێداویستییەکان چین، ئەو کارانەی بە ئێمە دەکرێت وەکو پارێزگاری کەرکووک و ئەنجوومەن و ئیدارەی پارێزگای کەرکووک بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتی برا پێشمەرگەکانمان بکەین”.

پارێزگاری کەرکوک گوتیشی “زیاتر لە 35 هەزار خێزانی خەڵکی حەویجە ئەمڕۆ لەنێو کەرکوکن، یەکێک لەو شوێنانەی، کە باس کرا، رەنگە رێگایەک لە لای مەکتەب یان بەشیر بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بکرێتەوە، بەڵام ئەمڕۆ حەشد دێتە ئەو شوێنانە بۆ رێگری لە گەڕاندنەوەی ئەو خەڵکانە، چۆن رێگیان لە گەڕانەوەی خەڵک بۆ بێجی و  دیالە و خورماتوو، ئەوە پلانی ئەوانە، تاوەکو ئێستا رێگەیاننەداوە ئەو خێزانانە بگەڕێنەوە حەویجە، ئەوەی لەوێشبووە دەریانکردوون بە بیانووی ئەوەی وردبینی ئەمنییان بۆ بکرێت، بۆیە ئەمە پلانێکە هیوادام، کە خەڵکی ئەو ناوچانەش تێبەگەن، کە ئەمە پلانێکە بۆ چۆڵکرندی ئەو ناوچەیە”.

سەبارەت بەو شوێنانەی چۆڵکراون و حەشدی شەعبی چووەتە نێویان، کەمال کەرکوکی، بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکوک گوتی “ئەوەی من بەرپرسی میحوەری چوارم پرسی، گوتیان ئێمە خۆمان ئامادە دەکەین، بۆ ئەوەی باشتر بەرگری بکەین و زیانمان کەمبێت، ئەو شوێنەش شوێنی پێشمەرگەیە و پیرۆزە، نابیت حەشد بچێتە نێویەوە و پیسی بکات. دەبێت ئەو هێزەی حەشدی شەعبی لەو ناوچایە بچنە دەرەوە، نابێت لەوێ بمێنن، ئەگەر لەوێ نەڕۆم ئەوا خراپیان لێبەسەردێت”.

بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای کەرکوک دەشڵێت “حەشدی شەعبی دەبێت لە حەمرینەوە بڕۆنە ئەولاوە، ئەگەر بەخۆشی بێت باشترە لەوەی بە هەڵاتن رابکەن”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com