بەڕێوبەری ئاسایشی دوزخورماتوو: دۆخی ئەمنی شارەکە جێگیرە بووەتەوە

0

نوچەنێت: تایبەت

بەڕێوبەری ئاسایشی دوزخورماتوو رایدەگەیەنێت، لەئێستادا دۆخی ئەمنی شارەکە جێگیرە و خەڵکی شارەکە خەریکی ئیش و کاری ئاسایی خۆیانن و دەشڵێت “بۆ رێگریکردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی شەڕ، قایمقامی دوزخۆرماتوو قسەی لەگەڵ هێزی بەدر ‌و چەكدارانی عەسائیبی ئەهلی حەق ‌و هێزەکانی دیکە کردووە، کە ئەمە دووبارە نەبێتەوە”.

شەوی رابردوو (هەینی 13-10-2017) گرژیی و ئاڵۆزی لە قەزای دووزخورماتوو لەنێوان هێزە خۆبەخشە کوردەکانی شارەکە و هێزەکانی حەشدی شەعبی دروستبوو، تەقە لەمەڵبەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە قەزای دوزخورماتوو کرا و بەهۆیەوە چەند کەسێکی مەدەنی بریندار بوون.

قەزای خورماتوو سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینە و نزیكەی 100 كلیۆمەتر لە سەنتەری پارێزگاكەوە دوورە، رێژەی دانیشتووانەكەی بە شارۆچكە ‌و گوندەكانیەوە نزیكەی 220 هەزار كەس دەبێت، كورد 55%، عەرەب 15%‌ و توركمانیش 30%ـی رێژەی دانیشتووانی قەزاکە پێكدەهێنن.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، عەقید کاوە پەروێز، بەڕێوبەری ئاسایشی دوزخورماتوو، سەبارەت بەبارودۆخی ئەمنی قەزای دوزخورماتوو رایگەیاند: لەئێستادا دۆخی ئەمنی شارەکە جێگیرە و بارودۆخەکە ئارام بووەتەوە، خەڵکی شارەکە خەریکی ئیش و کاری ئاسایی خۆیانن، دووکان و بازاڕەکانش کراونەتەوە.

عەقید کاوە گوتیشی “بەمەبەستی رێگریکردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی شەڕ لە قەزاکە، قیمقامی دوزخۆرماتوو، قسەی لەگەڵ هێزی بەدر ‌و چەكدارانی عەسائیبی ئەهلی حەق ‌و هێزەکانی دیکە کردووە، کە ئەمە دووبارە نەبێتەوە، بەڵام گومانمان هەیە، کە ئەوان گوێڕایەڵی ئەوەبن”.  

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە ئەنجامی تەقەکردنەکەی شەوی رابردوو، دووکەسی مەدەنی کورد، کە یەکێکیان ئەندام کۆمیتەیە بریندار بوون.

بەڕێوبەری ئاسایشی دوزخورماتوو داوایەك ئاراستەی خەڵکی شارەکە دەکات و دەڵێت “دواکارم خۆبەخشەکان گوێڕایەڵی دەزگا ئەمنیەکان بن و خۆیان نەخەنە ئاستی کەسانی ئاژاوەچی و تێکدەر، کە دەیانەوێت پێکەوەژیان لەشارەکە تێکبدەن، بۆئەوەی بتوانین کێشەکان بە زووی چارەسەر بکەین، چونکە ئەم بارودۆخە کاتییە و تێدەپەڕێت و دەتوانین جارێکی تر وەکو برا بەیەکەوە بژین”.   

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com