تایبه‌ت: نوچه‌نێت
په‌رله‌مانتارێكی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له په‌رله‌مانی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌شداری دانیشتنی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات، كه ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانه و ده‌شڵێت “گۆڕانیش نه‌یه‌ت ئیمه هه‌ر ده‌چینه‌وه په‌رله‌مان”.
جه‌عفه‌ر ئیمنكی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا، كه ئاراسته‌ی په‌رلەمانتارانی كردووه، داوا ده‌كات ڕۆژی دووشه‌ممه 16/10/2017، كاتژمێر 11ی سه‌رله‌به‌یانی له په‌رله‌مانی كوردستان ئاماده‌بن به مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی پرسی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، شوكریه ئیسماعیل، په‌رله‌مانتاری كۆمه‌ڵی ئیسلامی له په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌باره‌ت به بڕیاری فراكسیۆنه‌كه‌ی بۆ دانیشتنی داهاتووی په‌رله‌مان ڕایگه‌یاند: وه‌ك فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ بڕیارمانداوه، به‌شداری دانیشتنی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی په‌رله‌مان بكه‌ین، چونكه تایبه‌ته به ئه‌نجامدان یان دواخستنی هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌كانی كوردستان. هەروەها كۆمه‌ڵ به توندی داكۆكی له ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات، له كاتی خۆی دا و له‌گه‌ڵ دواخستن نییه.
شوكریه ئیسماعیل ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، کە كۆمه‌لی ئیسلامی داوای له بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش كردووه، كه به‌شداری له دانیشتنه‌كه‌ی داهاتووی په‌رله‌مان بكه‌ن، ئه‌گه‌ر گۆڕانیش به‌شداری نه‌كات، كۆمه‌ڵ هه‌ر به‌شداری ده‌كات.
سه‌باره‌ت به نه‌بوونی هیچ كاندیدێك بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان، ناوبراو ده‌ڵێت “دیاره جۆره رێككه‌وتنێكی ژێر به‌ژێر له نێوان لایه‌نه‌كاندا هه‌یه، ئه‌گینا چۆن هیچ حزبێك كاندیدی بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌ریم نییه؟