نوچەنێت-رووداو
شەوی رابردوو دوای چۆڵکردنی چەند ساترێکی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری باشووری کەرکوک، ڤیدیۆیەکی ئەو هێزە عێراقیانە بڵاوبووەوە، کە چوونەتە ئەو شوێنە و سوکایەتی بە ئاڵای کوردستان دەکەن.
چەند وێنە و ڤیدیۆیەک، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە و هەروەها لە پەیجی تایبەتی هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرای هێزە عێراقییەکان بڵاوکرایەوە، تێیدا چەند سەربازێکی هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا و چەکدارانی حەشدی شەعبی سوکایەتی بە ئاڵای کوردستان و گەلی کوردستان دەکەن.
گوتەبێژی هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا لەوبارەیەوە رایگەیاند “ئەو کارە شتێکی کەسییە و فەرمی نییە، ئەوەی ئەو کارەشی کردووە سزادراوە”.
شەوی رابردوو بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری باشووری کەرکوک چەند ساترێکیان جێهیشتووەو هاتوونەتە دواوە و چەکدارانی حەشدی شەعبی چوونەتە شوێنەکانی ئەوان. وەستا رەسول، فەرماندەی میحوەری باشووری کەرکوک بە (رووداو)ی راگەیاند، لە چەند ساترێکی پێشەوەی سەنگەرەکان، کە پێشتر بۆ شەڕی داعش ئامادەکرابوون کشاوینەتەوەو هاتووینەتە ساترەکانی دواتر.
فەرماندەی میحوەری باشووری کەرکوک، لەبارەی هۆکاری کشانەوەی ئەو هێزانەی پێشمەرگە گوتی “کشانەوەمان بەهۆی شەڕ نەبووە، بەڵکو وەک تاکتیکێکی سەربازی هاتووینەتە ساترەکانی دواوە، چونکە قایمترن و باشتر دروستکراون”.