نوچەنێت
ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان – عێراق دا ناوی ئەنجومەنەکە بۆ ئەنجومەنی باڵای سیاسی كوردستان گۆڕدرا.
رۆژی چوارشەممە 11-10-2017، بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی کوردستان کۆبووەوە و رایگەیاند “كۆبوونەوەكە، پابەندی ئیرادەی گەلی كوردستانە كە لەڕێگەی بەشداربوون و دەنگدان لە گشتپرسی 25ـی ئەیلوولی 2017 بە ئازادانە دەریبڕیوە”.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە ناوی نوێ ئەنجومەنە کراوە و هاتووە “ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە بڕیاریان دا كۆبوونەوەی حزب و لایەنە سیاسییەكان لەژێر ناوی ئەنجومەنی باڵای سیاسی كوردستان بەردەوام بێت”.
دەقی راگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی باڵای سیاسی کوردستان:
رۆژی چوارشەممە 11ـی 10ـی 2017 لە سەلاحەدین بە سەرپەرشتیی بەڕێز مەسعود بارزانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی كوردستان کۆبووەوە.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا ئامادەبووان بۆ رێزگرتن لە گیانی سەرۆك مام جەلال و گیانی شەهیدانی رێگەی ئازادی خولەكێك وەستان و لەسەر ئەوەیش هاوڕا بوون كە باشترین وەفا بۆ رۆحی سەرۆك مام جەلال و سەرجەم شەهیدانی كوردستان یەكڕیزی و برایەتی و یەكهەڵوێستیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانە.
پاشان ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە دوایین گۆڕانكارییە سیاسی و كاردانەوە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و عێراقییەكانیان لەبەرانبەر گشتپرسی تاوتوێ كرد و بەو ئەنجامانەی خوارەوە گەییشتن:
یەكەم: كۆبوونەوەكە، پابەندی ئیرادەی گەلی كوردستانە، كە لەڕێگەی بەشداربوون و دەنگدان لە گشتپرسی 25ـی ئەیلوولی 2017 بە ئازادانە دەریبڕیوە. هەروەها جێبەجێكردنی ئەنجامەكانی گشتپرسی لە رووی زەمەنییەوە بەندە بە دیالۆگێكی بنیاتنەر و لێپرسراوانە. بۆیە كۆبوونەوە، ئامادەیی دەربڕی بۆ دەستپێكردنی دیالۆگێكی كراوە لەگەڵ بەغدا بە بێ پێشمەرج و بە بێ سزادان و ئابڵۆقە و، هەروەها رەخساندنی كاتی پێویست بۆ سەرخستنی.
دووەم: سەپاندنی سزا بەسەر گەلی كوردستان نایاسایی و نابەرپرسیارانەیە و گرژتركردنی بارودۆخی سیاسی خزمەتی بەرژەوەندیی هیچ لایەك ناكات.
سێیەم: كۆبوونەوەكە بە رای گشتی جیهانی و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی رادەگەیێنێت، كە گەلی كوردستان رووبەڕووی ئابڵۆقە و سزادانی بە كۆمەڵ و هەڕەشەی بەكارهێنانی هێز كراوەتەوە و ئەوە بارودۆخی مرۆیی و ژیانی خەڵك و ئاوارەكان لە عێراق و كوردستان دەباتە قۆناخێكی مەترسیدار و داوا دەكات سنوورێك بۆ ئەم هەڕەشە و ئابڵۆقە و سزادانی بەكۆمەڵە دابندرێت.
چوراەم: ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە بڕیاریان دا كۆبوونەوەی حزب و لایەنە سیاسییەكان لەژێر ناوی ئەنجومەنی باڵای سیاسی كوردستان بەردەوام بێت.
ئەنجومەنی باڵای سیاسی كوردستان
11ـ 10ـ 2017