
لایەنێـكی توركمانی یاداشتێك بۆ سەركردایەتی كورد دەنێرێ و داوای ئۆتۆنۆمی بۆ تەلەعفەر دەكات
نوچەنێت. سڤیل
تەیار عادل گۆران
لایەنێكی توركمانی لەتەلەعفەر داوا دەكات، تەلەعفەر ببێتە هەرێمێكی ئۆتۆنۆمی و لەگەڵ هەرێمی كوردستان دابێت، بۆ ئەمەش یاداشتێك ئاراستەی سەركردایەتی كورد دەكەن.
ئەگەر بەشێوەیەكی گشتی سەیری پێكهاتەی توركمانەكان بكرێت، ئەوا ئەوان %3ی دانیشتوانی عێراق پێكدێنن، كە مێژووی هاتنیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 54ی كۆچی، بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەكان كاتێك سەركردەی ئەمەوییەكان عوبەیدولای كوڕی زیاد 2000 تورك دەهێنێتە شاری بەسرە بۆ مەبەستی هاتنە ریزی سوپاكەی خۆی، لەو ساتەوە ئەوان لەعێراق دەگیرسێنەوەو مێژووی هاتنیان بۆ عێراق دەست پێ دەكات.
ناوی توركمان لەدوو بڕگە پێكهاتووە (تورك، ئیمان) یاخود ترك مانند كە كورتكراوەكەی بووەتە توركمان. توركمان بەگشتی لەچەند ناوچەیەك نیشتەجێن، لەكوردستانیش لەشارەكانی هەولێر و كەركووكدا هەن و بەشێكیانیش دەكەونە سنووری پارێزگای موسڵ لەناوچە كوردنشینەكانی وەك بەرتلە و زوممار و قەزای تەلەعفەر.
لەسنووری پارێزگای موسڵ تەلەعفەر وەك پایتەختێكی توركمانەكان سەیر دەكرێت، كە بەشی زۆری ئەو توركمانانە لەمەزهەبی شیعەن، كە پێیان دەگوترێت توركمانی عەلەوی. ئەو توركمانە عەلەویانە 60%ی قەزای تەلەعفەر پێك دەهێنن و لەئێستادا خواستی مافی ئۆتۆنۆمییان هەیەو داوای ئەوە دەكەن كە هەرێمێكی تایبەت بەخۆیان هەبێت.
هەفتەی رابردوو سەركردەی ئەو عەلەویانە لەقەزای تەلەعفەر (فەلەك ئۆلایی ئۆغلۆ) كە سەرۆكی جەبهەی توركمانی شەرعیە، یاداشتێكی ئاراستەی سەركردایەتی كورد كردووە، بۆ ئەوەی پشتگیرییان بكەن لەدامەزراندنی هەرێمێكی ئۆتۆنۆمی بۆیان، ئاماژەی بەوەشكردووە، كە ئەو هەرێمەیان چارەنووسی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بێت.
عیسمەت رەجەب، بەرپرسی لقی 14ــی پارتی دیموكراتی كوردستان لەشاری موسڵ بە (سڤیل)ی راگەیاند، كە هەفتەی رابردوو ئەوان لەگەڵ (فەلەك ئۆلای ئۆغلۆ) كە سەركردەی هەموو توركمانە عەلەوییەكانی جیهان و عێراقیشە، گفتوگۆیان كردووە لەنزیكەوە لەگەڵ یەكتری، هاوكات لەشاری موسڵ كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامداوە سەبارەت بەداخوازییەكەی ئەوان، كە دەیانەوێت چارەنووسیان لەگەڵ پارێزگای موسڵ و عێراق نەبێت و ببنە هەرێمێكی ئۆتۆنۆمی.
عیسمەت ئاشكرای كرد كە داوای توركمانەكان بەوان دراوە، ئەو گوتی “بەحوكمی ئەوەی كە لەسنووری قەزای تەلەعفەر ژمارەیەكی زۆر كورد هەن، بەتایبەتی لەناحیەی زوممار كە سەر بەو قەزایەن، بۆیە ئەوان ئەو داخوازیەیان پێشكەشی ئێمە كرد، تاوەكو بەسەركردایەتی كوردی را بگەیەنین، كە بەنیازی كارێكی لەو جۆرەن”.
ئەمە جگە لەوەی كە باس دەكرێت، ئەو توركمانە عەلەویانە پەیوەندییەكی پتەو و توندوتۆڵیان لەگەڵ سەركردایەتی كوردی هەیە، بەتایبەتی بنەماڵەی ئۆغلۆ. بەرپرسی لقی 14ـی پارتی لەموسڵ گوتیشی “كە توركمانەكان بەپێی دەستوور نەتەوەی سێیەمن، بەڵام ئێستاكە حیسابی لەوەش كەمتریان بۆ دەكرێت. ئەوان ئێستاكە گلەییەكی زۆریان لەپارێزگای موسڵ و حكومەتی مەركەزی بەغدا هەیە”.
وەك خۆیان ئاماژەی پێ دەكەن، خەڵكی تەلەعفەر لەماوەی رابردوودا ناخۆشیەكی زۆریان چەشت بە دەست تیرۆر و ژمارەیەكی زۆری توركمانەكان لەتەلەعفەر بوونە قوربانی تیرۆر و تاكو ئێستاكەش نەكراونەتە شەهیدو ژمارەیەكی زۆر گەنجیان هەیە تاكو ئێستاكە دانەمەزراون لەفەرمانگە حكومیەكانی ناوچەكە. ئەمە جگە لەوەش كە تاكو ئێستاكە هیچ پرۆژەیەكی خزمەتگوزارییان بۆ ئەنجام نەدراوەو خەڵكەكەی هەر هەموویان بێكارن. عیسمەت گوتیشی “كە ئەو ئەنجومەنەی عەلەوییەكان بەسەرۆكایەتی فەلەك ئۆغلۆ یاداشتێكیان پێشكەش بە ئێمە كردو ئێمەش لەڕێگای خۆمانەوە گەیاندومانەتە سەركردایەتی، بۆ ئەوەی تاوتوێی بابەتەكە بكرێت و پشتگیرییان لێ بكەن، تاوەكو هەرێمێكی سەربەخۆ دابمەزرێنن لەسنووری قەزای تەلەعفەر و ئەو هەرێمەیان سەر بەحكومەتی هەرێمی كوردستان بێت”.
ئەو بەرپرسە كوردە گوتیشی “ئێمە لەچوارچێوەی مافێكی رەوای خۆیانەوە وەكو پارتێكی كوردی ئەو داواكارییەمان بۆیان گەیاندووەتە لایەنی سەروو بۆ ئەوەی پشتگیرییان لێ بكەن”.
وەك دەردەكەوێت ژمارەیەكی زۆر لەشیعە توركمانەكان لەگەڵ حیزبی دەعوەی عیراقی و رەوتی سەدرین. بەڵام ئەو بەشەی كە لەتەلەعفەرن، زیاتر لەكورد نزیكن. جەلال شێخ عەلی رۆژنامەنووس، لەشاری موسڵ لەبارەی ئەو داواكارییەی توركمانەكانەوە بۆ (سڤیل) گوتی “ئێمە ئاگاداری ئەوەین كە حكومەتەكەی مالیكی توركمانەكانی سنووری پارێزگای موسڵی پشتگوێ خستوەو تاكو ئێستاكەش ئازارێكی زۆریان چەشتوە بەدەستی تیرۆر. ئەمە جگە لەوەی كە لەبچووكترین مافی رەوای خۆیان بێبەشن”.
جەلال باسی لەوەشكرد كە چەند جارێكی دیكەیش پێش ئێستاكە ئەو توركمانانە داواكاری لەو جۆرە پێشكەش بەسەركردایەتی كوردی كردووە، بەڵام تاكو ئێستاكە بەشێوەیەكی فەرمی وەڵامیان نەدراوەتەوە، كە ئایە پشتگیرییان لێ دەكرێت یان نە. سەبارەت بە رەزامەندی دەربڕین لەسەر ئۆتۆنۆمی ئەوان و چارەنووسیشیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بێت یان نە. ئەو رۆژنامەنووسە گوتیشی “كە توركمانەكان لەبەر چەند هۆكارێكی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان لەساتەوەختێكی وەكو ئێستادا ئەو داواكاریە پێشكەشی سەركردایەتی كوردی دەكەن، چونكە دەزانن ئێستاكە كوردستان بووەتە شوێنی جولەی ئابووری و بوژانەوەی ناوچەكان و مەڵبەندێكی گرنگی بازرگانیە لەعێراق و ناوچەكەدا بۆیە دەخوازن چارەنووسیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان دابێت”.
پاش شەڕی ئازادی عێراق شارۆچكەی تەلەعفەر كە بەپایتەختی توركمانەكان دەناسرێت ژمارەیەكی زۆر كردەوەی تیرۆرستی تێدا ئەنجام درا لەلایەن رێكخراوەكانی ئەلقاعیدە و ئەنسار و ئیسلام و دەوڵەتی عیراقی ئیسلامی سەر بە قاعیدە، چونكە زۆرینەی دانیشتوانی ناوچەكە شیعە مەزهەبن و ئەو رێكخراوە تیرۆرستیانە بە دەرفەتیان زانیوە، كە ناوچەكە بكەنە مۆڵگەیەكی خۆیان تاوەكو بەردەوامی بەشەڕی تایفەگەری نێوان شیعە و سوننەكان و ناوخۆیی عێراق بدەن و بارودۆخەكە ناوچەكە بە شلەژاویی بمێنێتەوە.