نوچەنێت-هەولێر
رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی چاپی لەندەن دەڵێ، دوای گرژییەکانی پەیوەست بە ریفراندۆمەکەی ٢٥ی ئەیلولی کوردستان، بژاردەی کۆنفیدراڵیی خراوەتە بەردەم لایەنی کوردی لە عێراق، بەڵام کورد بەبێ مەرج قبووڵی نییە بە کۆنفیدراڵی رازی بێت.
چەند سەرچاوەیەکی کوردی بە شەرقولئەوسەتیان گوتووە، کە بەغدا بە نهێنی ئەو پێشنیازەی خستووەتە بەردەم حکومەتی کوردستان.
عەبدوڵڵا وەرتێ، ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی کوردستان، بە رۆژنامەکەی گوتووە “پێشنیازی کۆنفیدراڵی لەلایەن وڵاتانی دراوسێ و بەشێک لە وڵاتانی دیکەی جیهان و بەشێک لە حکومەت و لایەنە سیاسییەکانی عێراقەوە پێشنیازکراوە و وایدەبینن باشترین رێگەچارەیە بۆ دەرچوون لەم دۆخەی ئێستای کوردستان و عێراق”.
وەرتێ گوتوویەتی تائێستا ئەنجومەنەکەی ئەوان ئەم بابەتەی نەخستووەتە بەر باس و لێکۆڵینەوە، بەڵام هەر دەبێ لە کۆتاییدا بۆ چارەی گرژی و کێشەکان لەگەڵ بەغدا گفتوگۆبکەن.
لای خۆیەوە کیفاح مەحموود، راوێژکاری راگەیاندنی نوسینگەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، گوتوویەتی یەکێک لەو سیناریۆیانەی پێشنیازکراوە لەگەڵ بەغدا باس و خواسی لەسەر بکرێ، کۆنفیدراڵیزمە، بە مەرجێک لە پرۆژەکەدا رێز لە سەربەخۆیی کوردستان بگیرێ.
راوێژکاری راگەیاندنی نوسینگەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەروەها گوتوویەتی “گوتاری سیاسی کوردستان ئەوەیە، کە ئێمە بە ئەنجامەکانی ریفراندۆمەوە دەچینەوە گفتوگۆ لە بەغدا و هەموو سیناریۆکانیش قابیلی گفتوگۆن تاکو دەگەینە شێوازێکی پێشکەوتووی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا”.