نوچەنێت
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم رایگەیاند، تا یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان هەموار نەکرێتەوە، ناتوانن لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هەڵبژاردن ئەنجام بدەن و دەشڵێت، تائیستا هیچ لایەنێک داوای نەکردووە هەڵبژاردن دوابخرێت.
ئهمڕۆ دوو شهمه 9/10/2017 شیروان زرار، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێم، لە هەولێر بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند “تائێستا هیچ لایەنێک داوای نەکردووە هەڵبژاردنەکانی هەرێم دوابخرێت و ئامادەکاری تەواویان کردووە بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان سەرۆکایەتی هەرێم.
شیروان زرار گوتیشی “کۆمسیۆن بەپێی یاسا دەتوانیت لە چوار شارەکەی هەرێمی کوردستاندا هەڵبژاردن ئەنجامبدات، تا یاسای هەڵبژاردن هەموار نەکرێتەوە ناتوانن هەڵبژاردن لە کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجام بدات”.
گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێم ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، تائێستا 29 قەوارە و لسیتی جیاواز ناویان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە و لە ئەمڕۆوە تا رۆژی 13ی ئەم مانگەش ناوی کاندید و پاڵێوراوانی لیستەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان وەردەگرن و ئەمڕۆ هیچ لیستێک ناوی کاندیدەکانی نەداوە بە کۆمسیۆن.
زرار ئەوەشی گوت “کۆمسیۆن ناتوانێت هەڵبژاردن داوابخات و ئەگەر گۆڕانکاری لە کاتی هەڵبژاردندا بکرێت دەبێت لایەنەکان داوا لە پەرلەمان بکەن هەڵبژاردن دوابخات یان پەرلەمان خۆی ئەو بڕیارە دەربکات و دواخستنی هەڵبژاردن لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە”.
سەبارەت بە قبووڵکردنی ناوی محەمەد تۆفیق رەحیم، وەک کاندیدی بزووتنەوەی گۆڕان، پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان شێروان زرار گوتی، داوایان لە ئەنجومەنی شورا و لیژنەی یاسایی کردووە، سەربارەت بە درێژکردنەوەی ماوەی وەرگرتنی کاندیدی پۆستی سەرۆکی هەرێم روونکردنەوەیان بدەنێ و دواتر کۆمسیۆن کە وەڵامی لەوان وەرگرت بڕیار لەسەر قبووڵکردنی یان رەتکردنەوەی ناوی ئەو کاندیدە دەدەن.