نوچەنێت
دیپلۆماتکاری ئەمریکی پیتەر گالبرێس دەڵێ، وڵاتەکەی دژایەتی ریفراندۆمی کوردستانی نەکردووە، بەڵکو تەنیا گرفتی لەگەڵ کاتی یەنجامدانەکەی هەبووە، جەختیش دەکاتەوە، کە واشنتۆن بڕوای وایە بەو زوانە دەوڵەتی کوردی دادەمەزرێ.
پیتەر گالبریس، دیپلۆماتکاری بەنێوبانگی ئەمریکی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ “خەبەر تورک” دەڵێت “لە راستیدا ئەمریکا دژی ئەنجامدانی ریفراندۆمەکەی کوردستان نەبوو، بەڵکو تەنیا رەخنەی لەکاتی ئەنجامدانەکەی هەبوو”. هەروەها دەڵێ “یەکێک لە بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ، بڕوای بەو ئیدارەیە هێنابوو، کە بڵێ ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، بەڵام هەرگیز ئیدارەی ترەمپ نەیگوتووە، کە دژی ئەنجامدانی ریفراندۆمە و تەنیا رەخنەیان لەسەر کاتەکەی هەیە”.
گالبرێس جەختیکردووەتەوە “هەولێر لەژێر رۆشنایی ئەم ریفراندۆمەدا سەربەخۆیی رادەگەیەنێ، بەڵام سەرەتا بە قۆناغێکی راگوزەری پاش ریفراندۆمدا تێدەپەڕێ، کە رەنگە دوو ساڵ بخایەنێ”.
لە بارەی هەڵوێستی ئەمریکاشەوە گوتوویەتی “ئەمریکا خۆی دەزانێ لە داهاتوویەکی نزیکدا دەوڵەتی کوردی درووست دەبێ. هەمووان دەزانن، کە ئەو بابەتە بڕاوەتەوە”.
گالبرێس دیپلۆماتکارێکی ناسراوی ئەمریکییە، پێشتر باڵیۆزی ئەمریکا بووە لە کرواتیا و کتێبێکیشی هەیە بەناوی “کۆتایی عێراق”.