نوچەنێت: تایبەت
پەرلەمانتارێکی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئامادەبوونی بەرپرسە حزبییەکان لەپرسەی مام جەلال، دەبێتە هاندەرێك بۆئەوەی هەلومەرجێك بێتە پێشەوە، کە هەنگاو بەرە و چارەسەرکردنی قەیرانە سیاسییەکان بنێین.
کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی (مام جەلال) سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، وایکرد جارێکی دیکە بەرپرسان هەرێمی کوردستان بەئاگابێنێتەوە گەلی کورد لەبەردەم تەحەدیاتێکی گەورەدایە و پێویستی بە کۆدەنگی و یەکڕیزی نێوماڵی خۆیەتی، رۆژی دووشەممە 8-10-2017 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لەپرسەی “مام جەلال” لە سلێمانی لەگەڵ سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی، سەردانی مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕانی لە سلێمانی کرد و لەگەڵ عومەری سەید عەلی کۆبوونەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، بەهزاد دەروێش ئەندام پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لەبارەی کاریگەری بەشداریکردنی لایەنەکان لەپرسەی مام جەلال، بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکان رایگەیاند: خوالێخۆشبوو مام جەلال لەوکاتەی، کە ساغ بوو، هێمای کۆدەنگی بوو، ئێستاش مردنەکەی بووەتە مایەیی یەکڕیزی و کۆدەنگی بەتایبەت، کە پرسەکەی لەشاری سلێمانییە. گوتیشی “ئامادەبوونی مەسعود بارزانی و نێچیر ڤان بارزانی لەپرسەکە، دەبێتە هاندەرێك بۆئەوەی لەڕووی واقیعی و دەروونییەوە هەلومەرجێك بێتە پێشەوە، کە هەنگاو بەرەو چارەسەرکردنی قەیرانە سیاسیەکان بنێین، بەتایبەتی دوای ئەنجامدانی گشتپرسی، کە بە سەرکەوتووی ئەنجامدرا”.
بۆ ئەوەی گشتپرسی بگات بە ئەنجامێکی باش بەهزاد دەروێش، جەخت دەکاتەوە و دەڵێت “پێویستیمان بە کۆدەنگی نیشتمانی هەیە، بەتایبەتی بزووتنەوەی گۆڕان جارێکیتر بگەڕێتەوە ناو هۆڵی پەرلەمان و وەرگرتنەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، هەروەها پەیامیشیم بۆ لایەنەکان ئەوەیە، کە دەرس لەمێژوو وەربگرن و نەرمی بنوێنن، بۆئەوەی بگەن بەڕێککەوتن و بەرە و ئایندەیەکی گەش هەنگاو بنێین”.
ناوبراو ئاماژەی بۆئەوەشکرد، نێوەندگیری ئەمینداری گشتی یەکگرتوو لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و گۆڕان لە ئاستێکی باڵادا، تەواوکەری هەوڵەکانی پێشوترە، کە بێ ئومێد نەبووە و بەردەوام لە هەوڵدایە، ئەمەش لەسۆنگەی خەمخۆریەتی بۆ نیشتمان، یەکڕیزی و ئایندەی میللەتەکەمان.