تایبه‌ت: نوچه‌نێت
په‌رله‌مانتارێكی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له په‌رله‌مانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، سزادانی په‌له‌مانتارانی كورد له‌سه‌ر به‌شداریان له ریفراندۆم قبووڵ ناكه‌ین و ده‌شڵێت “ئه‌م بڕیاره سیاسی و تایفییه”.
پاش ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان، په‌رله‌مانی عێراق چه‌ندین بڕیار و راسپارده‌ی دژی هه‌رێمی كوردستان ده‌ركرد و ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی ره‌تكرده‌وه، هەروەها په‌رله‌مانتارانی كورد لە په‌رله‌مانی عێراق دژی ئه‌و بڕیارانه وه‌ستانه‌وه، بایكۆتكردنی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراقیان هه‌ڵپه‌سارد و گه‌ڕانه‌وه كوردستان، له ئیستاشدا له په‌رله‌مانی عێراق باس له ده‌ركردنی ئه‌و په‌رله‌مانتاره كوردانه ده‌كرێت، كه ده‌نگیان بۆ ریفراندۆم داوه.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، مه‌سعود حه‌یده‌ر، په‌رله‌مانتاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له په‌رله‌مانی عێراق، سه‌باره‌ت به هه‌ڵپه‌ساردنی ئه‌ندامێكی چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی كورد له فراكسیۆنه جیاوازه‌كان، به بیانوی به‌شداریان له ریفراندۆم رایگه‌یاند: ناوی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی كورد، كه به‌رزكراوه‌ته‌وه بۆ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی عێراق بۆ سزادان و هه‌ڵپه‌ساردنی كاره‌كانیان، هێشتا ریكاری یاسای ماوه وه‌ك مه‌حكه‌مه‌ی ئیتحادی و بڕیاری كۆتای سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان، بۆیه هه‌ر كات ئه‌و بڕیارانه چوونه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه بێگومان هه‌ڵوێستمان ده‌بێت و قبوولی ناكه‌ین.
مه‌سعود حه‌یده‌ر ئه‌وه‌ش ئاشكرا ده‌كات، کە لیژنه‌یه‌كی چوار كه‌سی ئه‌م بڕیاره‌ی داوه و هیچ په‌رله‌مانتاریكی كورد تییدا به‌شداری نه‌كردووه، بۆیه ئه‌م بڕیاره ده‌چێته چوارچێوەی بڕیارێکی تایفیی و سیاسییه. هەروەها ناده‌ستوریشه، چونكه له ده‌ستوردا ئازادی تاك ریگه‌پێدراوه و كه‌س له‌سه‌ر ره‌ئی جیاواز سزانادرێت.
ناوبراو ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، هه‌موو فراكسیۆنه كوردیه‌كان یه‌كده‌نگ ده‌بین و رێگه ناده‌ین هاوڕێكانمان سزابدرێن.