نوچەنێت
ئەمڕۆ یەکشەممە 8-10-2017، بە دەسپێشخەری ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکگرتووی و هەروەها سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، چوونە مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان.
شاندەکەی پارتی بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شاندی یەکگرتووش بە سەرۆکایەتی سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەکگرتووە، هەروەها فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندەکە بوو، ئەدهەم بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی سلێمانی – هەڵەبجەی پارتی دیموکراتی کوردستانیش یاوەری نێچیرڤان بارزانی بوو لە سەردانەکەی بۆ لای بزووتنەوەی گۆڕان.
شاندەکە لە کاتژمێر 10 پێشنیوەڕۆ گەیشتنە گردی زەرگەتە و لەلایەن رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنەوە پێشوازییان لێکرا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا دوایین پێشهاتەکانی دوای گشتپرسی کوردستان تاوتوێ دەکرێت، پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و گەڕانەوەی گۆڕان بۆ کۆبوونەوەکان، گەڕانەوەی پەرلەمانتاران بۆ پەرلەمانی عێراق و هەروەها هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان تەوەرەکانی دیکەی کۆبوونەوەکە دەبن.