نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی رایدەگەیەنێت، هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی گشتپرسی بڕیارێکی ئاسان نابێت بۆ کورد و دەشڵێت “ئەنجامی گشتپرسی بەهیچ شێوەیەك قابیلی هەڵوەشاندنەوە نییە”.
سەرەڕای رێگریەکان بۆ ئەنجام نەدانی گشتپرسی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 25-9-2017 پڕۆسەکە بەسەرکەوتووی ئەنجامدرا، دوابەدوای راگەیاندنی ئەنجامەکەی کاردانەوەی وڵاتانی ناوچەکە و بەغدای لێکەوتەوە، هەروەها دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی گشتپرسییەکە دەکەن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، فازیل بەشارەتی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی داواکاری بەغدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی گشتپرسی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی گشتپرسی بڕیارێکی ئاسان نابێت بۆ کورد. گوتیشی “هەر کەس و دەوڵەتێك داوا لە کورد بکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی گشتپرسی، بۆ خۆهەڵخەڵاتاندنە و ئەو کەسانەش ئەخەڵەتێنێت، کە بەقسەی ئەوان دەکەن، چونکە ئەنجامی گشتپرسی بەهیچ شێوەیەك قابیلی هەڵوەشاندنەوە نییە”.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی گشتپرسیەکەی هەرێمی کوردستان بەشتێکی مەحاڵ سەریر دەکات و دەڵێت “هەرکاتێك بینیمان خۆر لەخۆر ئاوا-وە هەڵهات و لە خۆرهەڵاتەوە نیشتەوە، ئەوکاتە ئەنجامی گشتپرسی هەڵدەوەشێتەوە”.
بەشارەتی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە پێش ئەنجامدانی گشتپرسی گەلی کوردستان بەگشتی و جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، زۆر باش ئەم بابەتەی لەبەرچاوگرتبوو، کەفشاری دەوڵەتانی دراوسێ و خەڵکە شۆڤینییەکان و ناحەزانی گەلی کوردستان بەم شێوەی ئێستا دەبێت.