نوچەنێت
دوای ئەوەی ئەمڕۆ رێگری لە پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا کرا، بچنە نێو هۆڵی پەرلەمان، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی، بڕیارەکەی پەرلەمان بۆ پەرلەمانتارانی کورد، سزادانی بەکۆمەڵ نییە.
دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممە ٣-١٠-٢٠١٧ ی پەرلەمانی عێراق، کە رێگە نەدرا ئەندامانی کورد، بەشداری بکەن، سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند “پەرلەمانی عێراق سورە لەسەر یەک هەڵوێستی و رێزگرتن لە دەستور و پابەندبوون بەو بڕیارانەی دەریکردوون، لەگەڵ چاودێری جێبەجێکردنیان. پەرلەمان سورە لەسەر پاڵپشتیکردنی حکومەت لە هەموو کارەکانی، کە لە رێگەیەوە یەکپارچەیی عێراق و ئاسایش و سەقامگیری لێ بەدەستدێت”.
سەلیم جبوری، دەڵێت “لە کاتێکدا لە هەوڵی کۆتاییهێنانین بەو پەتایەی تیرۆر، کە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە تووشی عێراقییەکان بووە، بەرەو قۆناغی ئاوەدانکردنەوە و بونیاتنانەوە و گەڕانەوەی ئاوارەکان و سەقامگیری دەچین، دەچینە نێو کێشەیەکی نوێوە، کە پەیوەستە بە یەکهەڵوێستیمان و یەکپارچەیی خاک و گەلەکەمان، لەسەر ئەوەش ئەو بڕیارانەی پەرلەمانی عێراق دەریکردوون، لە سۆنگەی باوەڕبوون و پشتبەستنن بە دەستور و بنەما جێگیرەکان بووە”.
سەلیم جبووری هەروەها دەڵێت”پێویستە هەموو ئەندامانی پەرلەمانی عێراق بە کوردیشەوە پابەند بەو بڕیارانە بن، کە لە پەرلەمانی عێراق دەردەچن، هەریەکێک لەوان بەشداری لە دانیشتنەکانی پەرلەمانی کردبێت، بڕوای بە پەرلەمانی عێراق و بڕیارەکانی بێت، دەبێت دابەشبوون رەتبکاتەوە”.
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەخت لە گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر پەرلەمانتارانی کورد دەکاتەوە”ئێمە پێشوازی لە برا کوردەکانمان دەکەین بۆ ئەوەی بەشداری لە دانیشتنەکانی پەرلەمان بکەن، بەڵام سەبارەت بەوانەی رۆڵیان لە پرۆسەی گشتپرسیدا هەبووە و بەشداربوون، رێکاریان لە بەرامبەر دەگیرێتەبەر”.
سەبارەت بەو رێکارانە، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەخت دەکاتەوە لەوەی “بەڕاشکاوی دەیڵێم، ئێمە ئەمڕۆ لەوبارەیەوە لەگەڵ دادگای باڵای فیدراڵی قسەمان کردووە، کە چۆن سەیری ئەو بابەتانە بکات. ئێمە پابەندی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەبین لەبارەی ئەو پەرلەمانتارانەی لە گشتپرسی دەنگیان داوە، بۆ ئەو مەبەستەش داوا لە لیژنەی کاروباری یاسیی پەرلەمان کراوە ناوی ئەو کەسانەیان پێدات کە بەشداربوون و رۆڵیان لەو گشتپرسییەدا هەبووە”.