نوچەنێت:تایبەت
گوتەبێژی وەزارەتى خوێندنى باڵا رایدەگەیەنێت، بە نوسراوێکى فەرمی داوا لە گشت زانکۆ حکومیەکانى هەرێم کراوە، بۆ ئەمساڵ پێشینەى 100 هەزار دینارى بەشە ناوخۆییەکان لە خوێندکاران وەرنەگیرێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، عەباس ئەکرەم، گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەبارەی وەرگرتنی پێشینەى سەد هەزار دینارى بەشە ناوخۆییەکان لە خوێندکاران رایگەیاند: وەزارەتەکەمان بە نوسراوێکى فەرمی بە واژۆی (د. یوسف گۆران) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە ژمارە (1443) لە (20-9-2017) و بەلەبەرچاوگرتنى بارى دارایى خانەوادەى خوێندکاران/قوتابیان داوا لەسەرجەم زانکۆکان کراوە بۆ ساڵى خوێندنى (2017-2018) پێشینەى 100 هەزار دینارى بەشە ناوەخۆییەکان لە خوێندکاران/ قوتابیانى نیشتەجێى بەشە ناوەخۆییەکان وەرنەگیرێت.
گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو خوێندکارانەى بۆ ئەمساڵى خوێندنى (2017-2018) ئەو بڕە پارەیان لێ وەرگیراوە پێویستە بۆیان بگێڕدرێتەوە. گوتیشى “لە نزیکترین کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزارەتەکەمان بڕیارى گونجاوتر لەبارەى ئەم پرسەوە دەدرێت”.