بارزانی بەهۆی کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی هەفتەیەک ماتەمینی راگەیاند

0

نوچەنێت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەهۆی کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە پەیامێکی سەرەخۆشیدا یەک هەفتە ماتەمینی راگەیاند و دەڵێت “من هەڤاڵ و برا و پشتیوانێکی بەهێزم لەدەستدا”.

مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لەبارەی کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی. سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند: “لەم رۆژە خەمناکەدا پرسە و سەرەخۆشی خۆم لە خانەوادەی تاڵەبانی بەتایبەت هێرۆخان و کاک بافڵ و کاک قوباد دەکەم و بەدڵ هاوبەشی خەمیانین”.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا رایگەیاند: “لەدەستدانی سەرکردەیەکی وەک مام جەلال ، زیانێکی گەورەیە بۆ گەلەکەمان و بە ئاسانی پڕناکرێتەوە. سەرەخۆشی لە هەموو گەلی کوردستان و برایانی سەرکردایەتی و ئەندامانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکەم و داواکارم لە خوای گەورە گیانی برای بەڕێزم مام جەلال بە بەهەشتی بەرین شاد بکات”.

بارزانی بە ئاماژەدان بەوەی ، من هەڤاڵ و برا و پشتیوانێکی بەهێزم لەدەستدا، گوتی: “جێگەی شانازییە کە هەردووکمان پێکەوە لەگەڵ برایانی دیکە توانیمان زۆر کۆسپ و تەگەرە هەڵگرین لەسەر رێگەی خەبات و تێکۆشانمان و هەروەها زۆر قۆناخی تاڵ و ناخۆشمان بڕی. شانازییە کە زۆرێک لە دەستکەوتەکانی ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تەبایی و برایەتییەی کە پێکەوە بناغەیمان دانا”.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان یەکڕیزی بە باشترین وەفا بۆ مام جەلال ناوبرد و گوتی: “ئێستایش باشترین وەفا بۆ گیانی برای بەڕێز مام جەلال و، گیانی هەموو شەهیدانی رێگەی رزگاریی گەلەکەمان ئەوەیە کە یەکڕیزیمان پتەو و بەهێزتر بکەین و، هەر بەوەش دەتوانین بگەینە ئەو ئامانجە پیرۆزەی کە سەرکردەکانمان و هەزاران شەهیدمان گیانیان بەختکرد لە پێناویدا”.

مەسعود بارزانی ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: “هەر بەم بۆنە خەمناکەوە یەک هەفتە ماتەمینی گشتی رادەگەیێنین”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com