مەلا بەختیار روونکردنەوەیەک بڵاو دەکاتەوە

0

نوچەنێت

مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەبارەی دامەزراندنی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان – عێراق روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە.

دەقی روونکردنەوەکە:

تكایە.. لەسەر (سەركردایەتی سیاسی كوردستان- عێراق)

وردببنەوە !
مەلا بەختیار
 
ساڵەهایە، حزبە كوردستانییەكان، پێش سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆن‌و دوای ئەوەش؛ پێش داخستنی پەرلەمان‌و دوای ئەوەش، ناوبەناو كۆبونەوەی سیاسییان كردووە، بەفراكسیۆنەكانی گۆڕان‌و كۆمەڵیشەوە. هاوكات پەرلەمانیش لەگەرمەی راپەڕاندنی ئەركەكانی بووە.. دوای داخستنی پەرلەمان، زۆربەی كۆبونەوەكان كە دەكران، بۆ چارەسەركردنی كێشەی لایەنە سیاسیەكان‌و چۆنیەتی كاراكردنەوەی پەرلەمان بووە. هەمیشە یەكێتی لەو كۆبونەوانەدا، جەختی لەسەر یەكڕیزی نیشتمانی‌و كاراكردنەوەی پەرلەمان (بێ مەرج) كردۆتەوە. لەم رێبازەشدا، سەركەوتن بەدەست هات.

كاتێك، بۆچوونەكانی ساڵەهای هەموولایەك (بێ‌ جیاوازی) سەبارەت بە ریفراندۆم‌ و سەربەخۆیی، لەسەرەتای ئەمساڵەوە، هاتەوە گۆڕێ‌، سەرەنجامی گفتوگۆكان، ئێمەی نوێنەرانی یەكێتی، بەردەوام دەمانگوت:

ریفراندۆم‌و سەربەخۆیی، مافی ستراتیژی‌ و چارەنوسی گەلەكەمانە، بەڵام لە دیاریكردنی كاتەكەی، دەبێ‌ وریا بین. بەڵام دەشمانگوت: ناكرێ‌، رێکكەوتنە نێودەوڵەتیەكان لەسەر ناوچەكە، لەنێوان حكومەتەكان‌ و زلهێزەكاندا، مۆربكرێ‌‌ و دوای كۆتایی شەڕی داعش، ئیتر هەلەكەمان لە دەستبچێ‌. دەشمانگوت: كورد، جەنگاوەری ئازا نییە، هەتا دوای شەڕ خەڵاتمان بكەن‌ و بچینەوە ماڵی خۆمان. دەمانگوت: لە شەستەكانەوە، تێكۆشەری پێناوی ئازادی بوین‌ و هەین.

لەو كۆبونەوانەدا، كە زۆربەی لایەنەكان بە ئامادەبوونی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەوە، (7/6/2017) بڕیاری ریفراندۆم درا، نوێنەرایەتی یەكێتی هەندێك روونكردنەوەی پێویستمان سەبارەت بە دۆخە سیاسیەكە دا. كە بڕیاری رۆژی ریفراندۆمیش پەسەند كرا، ئیتر ناوی (ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم) هاتەئارا. لەكۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی ناوبراویشدا، یەكێتی جەختمان كردووە كە: (مادام پێشنیازی بەدیل لەم وڵات‌ و ئەو وڵات.. پێشكەش دەكرێن‌ و گەورەبەرپرسانی وڵاتانی گەورەش. دێن، هەقوایە پڕۆژەیەكمان بۆ بەدیلی ریفراندۆم هەبێ‌).. بەگشتی ئەم بۆچوونەمان پەسەند كراو پەیگیری بەدیل لەگەڵ وڵاتانی دۆستی ئیقلیمی‌ و دەرەوە، لەلایەن گروپێكی باڵاوە لەبەرێزان (نێچیرڤان بارزانی، قوباد تاڵەبانی، د.فوئاد حسێن) پەیتا پەیتا دەكرا. كە بەداخەوە، حكومەتی عێراق، بەربەستی لەبەردەم ئەو بەدیلە دڵخوازەی لیژنەی باڵای ریفراندۆم دادەنا. كورتیەكەی:

حكومەتی عێراق، بەتایبەتی هەندێكی هێزە شیعەكان، دەیانویست وەكو ساڵانی رابردوو، گفتوگۆ بكرێ‌‌ و قسە تەنها لەسەر دەستكەوت‌ و چارەسەری كێشەكانی رابردوو بكرێ‌، لیژنەی باڵای ریفراندۆمیش، جەختیان دەكردەوە، كە متمانە لەنێوان هەرێم‌ و بەغدا و ئەم چەشنە حوكمڕانی‌ و سیستەمە و چۆنیەتی شەراكەتە، زۆر لاوازە. بۆیە، پێویستە بگوازینەوە بۆ قۆناغی باڵای گفتوگۆ و رێكخستنەوەی عێراق.

مەخابن، تائێستا، لەنێوان هەرێم‌و بەغدا، بۆ تێگەیشتنی هەمەلایەنە لەسەر دۆخی دوای شەڕی داعش‌ و ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم‌ و رێكخستنەوەی عێراق‌ و هەرێم‌ و مافە دەستورییە راستەقینەكانی گەلی كوردستان، بۆچوونی هاوبەش گەلاڵە نەبووە. هەموو ئەو هەوڵانەی دراشن، بۆ دۆزینەوەی چارەسەری دیموكراسییانەی راستەقینە، سەریان نەگرت.

لەو ماوەیەدا، یەكێتی، پاشەكشەی لەئامانجەكانی ریفراندۆم نەكرد، بەڵام تایبەتمەندی سیاسەتەكانی خۆشی دەربارەی بەدیل، لەكۆبوونەوەكاندا، قەت نەدەشاردەوە.

كە ریفراندۆمیش ئەنجامدرا، یەكێتی، بەرپرسیارێتی نەتەوەیی‌ و دیموكراسی خۆی، ئەنجامدا.

ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم، كارەكانی كۆتاییهات. لەكۆبونەوەی (30/9/2017) دا، لەنێوان (پارتی، یەكگرتوو، یەكێتی) بەئامادەبونی بەرێز بارزانی، تەنها وەكو بیروڕایەك باسی ئەوە كرا، ئایا، ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم بمێنێ‌، یان هەڵبووەشێتەوە. 

وەكو بیرۆكە وا پەسەند كرا، بەهەندێك تێبینیشەوە لەسەر چۆنیەتی (ئەنجومەنە باڵاكە!) كە كێشەكانی دوای ریفراندۆم، بەردەوام پێویستیان بە راوێژی سیاسی لایەنە سیاسیەكان هەیە. بەبێ‌ ئەوەی بڕیاری پێشوەخت لەئارادا بێ‌. یان بەرنامە و پرۆگرام بۆ ئەنجومەنەكە ئامادەكرابێ‌، یاخود تەنانەت بیریش لە رێسای سەركردایەتیەكە و رابەرایەتیەكەی، یان پەراوێزخستنی هیچ لایەك كرابێ‌، نەخواستە بیر لەوە كرابێتەوە، شكۆی پەرلەمان كەم بكرێتەوە، لە دوا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم، ناوی ئەنجومەنەكە بە (سەركردایەتی سیاسی كوردستان-عێراق) گۆڕدرا.

ئەم ناوگۆڕینە، بەبێ‌ ئەوەی لە دێڕێكیشدا، پرەنسیپی بۆ دانرابێ‌، یاخود هەر پێشنیازیش كرابێ‌، هەتا ببێتە مایەی ئەم هەموو نیگەرانییە. قبوڵ كراوە.

ئێستا.. ئەم سەركردایەتیە سیاسییەش، وەكو هەموو رووداوێكی تری كوردستان، گەورە بێ‌ یان گچكە، لێكدانەوەی جیاوازی بۆ كراوە. بەڵكو ناكۆكیەكانی پێ‌ قووڵدەكرێتەوە.

ئێمە دەزانین لەمێژوو، لەدۆخی نەخوازراودا، بەمەرام، لایەنەكان ئاراستەی ململانێكان هەڵدەگێڕن.. روداوی نەخوازراویش لەناو ئەم كێشمەكێشە سیاسی-سایكیۆلۆژیەدا، زۆرجار كارەساتیشیان لێكەوتۆتەوە.

بۆئەوەی، هەر هەڵەتێگەیشتنێك، بەرامبەر ئەم سەركردایەتییە سیاسییە، یان هەر كاڵ‌وكرچییەك لە چۆنیەتی پێكهێنانیدا هەبێ‌، بڕەوێتەوە و پێشگیری لە رووداوی نەخوازراویش بكرێ‌، پێشنیاز دەكەم، سەركردایەتی سیاسی كوردستان-عێراق كۆببێتەوە و ئەم پیشنیازانەش بۆ كۆبوونەوەكە دەخەمەڕوو:

یەكەم: سەركردایەتییەكە، تەنها بۆ ماوەیەكی كاتیی بێ‌، هەتا دانوستانەكان دەربارەی ریفراندۆم، ساغ دەبنەوە.

دووەم: لەو ماوەیەدا، دەسەڵاتە سیاسییەكانی سەركردایەتیەكە، لەچەند پێشنیازێكدا، بخریتە بەردەم پەرلەمانی كوردستان.

سێهەم: پەرلەمانی كوردستان، سەرپشك بێ‌ لە قبووڵكردنی سەركردایەتیەكە یان رەتكردنەوەی، یاخود هەر ئاڵوگۆڕێك لەدەسەڵاتەكانی، تەنانەت لە پێكهاتەی سەركردایەتیەكەش.

ئومێدەوارم، كۆبوونەوەكە هەر ئەم هەفتەیە ئەنجام بدرێ‌، هەتا لەم دۆخە هەستیارەدا، كات بەفیڕۆنەدرێ‌‌ و بواریش نەدەین، نان‌ و تەڕەپیاز، بەكێشەی لاوەكیەوە بخورێ‌. كێشەی سەرەكی ئێمە، لەم دۆخەدا، چۆنیەتی بەدیهێنانی ئامانجەكانی ریفراندۆمە. ئەمەش، بە دەستپێكردنی سیاسەتێكی دیپلۆماسی‌ و پرۆژەیەكی هەمەلایەنەی دانوستان‌ و چارەسەركردنی تەنگوچەڵەمە ئابوری‌ و سیاسییەكان دەكرێ‌. نەك رێگای تری نەخوازراو!

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com