نوچەنێت
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، نیگەرانی خۆیان بۆ راگەێندراوەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەردەبڕن و دەڵێن” هیودارین لە رۆژانی داهاتوودا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پێداچوونەوە بە هەڵوێستی خۆی بکات”.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١-١٠-٢٠١٧، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وەڵامی راگەێندراوەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکای دایەوە رایگەیاند” سەرەڕای پێزانینی ئێمە بۆ بانگهێشتی ویلایەتە یەکگرتووەکان، بۆ وەڵامدانەوەی ناتووندوتیژیانەی گشتپرسییەکە، بەڵام نە ئەمریکا و نە هیچ وڵاتێکی دیکە رێگەیان لە مامەڵەی نادەستووری و نایاسایی بەغدا لەگەڵ کوردستان نەگرت، کە لەوەتای پەسەندکردنی دەستوور لە 2005ـەوە بەردەوامە”.
دەقی وەڵامەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
گەلی کوردستان، کە بە بەردەوام و بە دڵگەرمییەوە پشتیوانی ئەمریکایان کردووە، بەتایبەتی لە جەنگی دژ بە داعش و رژێمی سەددام حوسێن، زۆر نیگەرانن لە بەیاننامەی رۆژی هەینیی بەڕێز رێکس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. دەبوایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەر لە هەموو وڵاتان تەقدیر و رێزی لە بڕیاری کوردستان بۆ سەربەخۆیی بگرتایە هەروەکو زیاتر لە 92٪ـی گەلی کوردستان لە ریفراندۆمێکی ئازاد و شەفاف و ئاشتیخوازانە لە 25ـی ئەیلوول داوایان کرد.
ریفراندۆمەکە بە گوێرەی یاساکانی کوردستان لە لایەن سەرۆکی هەرێمەوە بانگەوازی بۆ کرا و پەرلەمانی کوردستانیش پەسەندی کرد، ئەم پرۆسەیە بە گوێرەی چەندین بڕگەی دەستووری عێراق رێپێدراوە. ریفراندۆمەکە دەرفەتی بۆ گەلی کوردستان رەخساند تاوەکو مافی چارەی خۆنووسین پیادە بکەن هەروەکو لە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و دوو رێکەوتننامەی نێودەوڵەتی پەیوەندیداری دواتردا هاتووە.
سەرەڕای پێزانینی ئێمە بۆ بانگهێشتی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ وەڵامدانەوەی ناتووندوتیژیانەی ریفراندۆمەکە، بەڵام نە ئەمریکا و نە هیچ وڵاتێکی دیکە رێگەیان لە مامەڵەی نادەستووری و نایاسایی بەغدا لەگەڵ کوردستان نەگرت، کە لەوەتای پەسەندکردنی دەستوور لە 2005ـەوە بەردەوامە.
هیودارین لە رۆژانی داهاتوودا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێداچوونەوە بە هەڵوێستی خۆی بکات و بە گەرمی پشتیوانی داخوازییە شەرعییەکانی گەلی هەرێمی کوردستان بکات و لە دانووستاندنی ئاشتیانەی نێوان هەولێر و بەغدا بەشداربێت.