سەرکردایەتی سیاسی کورد پێشوازیی لە بانگەوازەکەی سیستانی دەکات

0

نوچەنێت

سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان (باشوور) راگەیەندراوێکی لەبارەی بانگەوازەکەی مەرجەعی باڵای شیعەکان بڵاوکردەوە و پێشوازیی لە بانگەوازەکەی دەکات و رایدەگەیێنێت “لەسەر بنەمای بانگەوازی مەرجەعییەت، ئامادەییمان دەردەبڕین بۆ دەستپێکردنی دانوستاندنی جیدی لەگەڵ حکومەتی عێراق”.

رۆژی یەکشەممە 1-10-2017، سەرکردایەتی سیاسی کوردستان، یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و لە کۆبوونەوەکەدا پێشوازی لە بانگەوازەکەی ئایەتوڵڵای عوزما، سەید عەلی سیستانی دەکات و راشیدەگەیەنێت “ئەو بانگەوازە هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی پرەنسیپەکانمان، کە سەرچاوەکەی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و بنبڕکردنی تووندوتیژی و هەڕەشەیە”.

سەرکردایەتی سیاسی کوردستان – عێراق لە کۆبوونەوەکەدا دەڵێت “گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ بەتەواوی لەگەڵ بۆچوونی ئێمە یەک دەگرێتەوە، کە ئەویش گفتوگۆیە وەکو تاکەڕێگە بۆ چارەسەر کردنی کێشە و بابەتە هەڵواسراوەکان لەنێوان هەولێر و بەغدا”. 

دەقی راگەیەندراوەکەی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان:

سەرکردایەتی سیاسی کوردستان-عێراق پێشوازیی لە بانگەوازی سەماحەتی مەرجەعی باڵا، ئایەتوڵڵای عوزما سەید عەلی سیستانی دەکات

ئێمەی نوێنەرانی زۆرینەی پارتە کوردستانییەکان لە (سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان – عێراق)، پێشوازیی لە بانگەوازی سەماحەتی مەرجەعی باڵا، ئایەتوڵڵای عوزما، سەید عەلی سیستانی دەکەین کە لەلایەن نوێنەری مەرجەعییەت بەڕێز ئەحمەد ئەلسافی، لە کاتی پێشکەشکردنی وتاری هەینیی ٨ـی موحەررەمی ١٤٣٩ـی هیجری بەرانبەر ٢٩ـی٩ـی٢٠١٧، خرایەڕوو. لە کاتێکدا پێشوازیی لەو بانگەوازە دەکەین کە هەموو لایەک لەم ڕۆژانەدا یادی سەرکەوتنی پڕەنسیپ بەسەر شمشێردا دەکەنەوە، کە خۆی لە شۆڕشی حوسەین کوڕی عەلی (سەلام و درودی خوای لێ بێت)، دەبینێتەوە.

ئەو بانگەوازە هەنگاوێکی گرینگە بۆ پاراستنی پڕەنسیپەکانمان کە سەرچاوەکەی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و بنبڕکردنی توندوتیژی و هەڕەشەیە.

ئەو دەستپێشخەرییەی سەماحەتی مەرجەعی باڵا بۆ گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ بەتەواوی لەگەڵ بۆچوونی ئێمە یەک دەگرێتەوە، کە ئەویش گفتوگۆیە وەکو تاکەڕێگە بۆ چارەسەر کردنی کێشە و بابەتە هەڵواسراوەکان لەنێوان هەولێر و بەغدا.

ئێمە باوەڕمان بەوە هەیە کە گفتوگۆی بەردەوام میکانیزمی سەرەکییە بۆ دروستکردنی برایەتی و تەفاعولی ئەرێنی و بەرهەمهێنانی ئەنجامی هاوبەش. هەروەها گفتوگۆ دەبێتە هۆکاری نەمانی دیاردەی ڕق و کینە و ڕەگەزپەرستی کە ئەوانە هەموویان ئەنجامی بارگرژین لە واقیعی ئێستای سیاسی و کۆمەڵایەتیی ژیان، لە عێراقدا.

بۆیە ئێمە ڕای دەگەیەنین کە لەسەر بنەمای بانگەوازی بەڕێزی مەرجەعییەت، ئامادەییمان دەردەبڕین بۆ دەستپێکردنی دانوستانی جیدی لەگەڵ حکوومەتی عێراق.

سەرکردایەتیی سیاسی کوردستان – عێراق

١ـی١٠ـی٢٠١٧

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com