سەرکردایەتی سیاسی کوردستان: هیچ گوشارێك لە بڕیاری 25-9 پاشگەزمان ناكاتەوە

0

نوچەنێت

سەركردایەتی سیاسی كوردستان – عێراق راگەیەندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممە بڵاوکردەوە و رایگەیاند “گەلی كوردستان بە پشتبەستن بە میكانیزمی ئاشتیانە خۆڕاگرانە سوورە لەسەر دیالۆگ و هیچ هەڕەشە و گوشارێك لە بڕیاری 25-9-2017 پاشگەزی ناكاتەوە”.

رۆژی یەكشەممە 1-10-2017، لە سەلاحەدین سەركردایەتی سیاسی كوردستانی باشوور، یەکەم کۆبوونەوەی بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی كۆسرەت رەسول عەلی، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا و حەوت بڕیار لە کۆبوونەوەکەدا دەرکران.

لە کۆبوونەوەکدا سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان، یەكڕیزی و یەكگوتاری هێز و لایەنە سیاسییەكانی بە كلیلی پاراستنی سەركەوتنەكانی گەلی كوردستان زانی و، جەختیشی لە رەوایەتی بڕیاری گەلی كوردستان و پارێزگاری لەو بڕیار و دەستكەوتەكان كردەوە. 

بەپێی راگەیەندراوەکەی سەركردایەتی سیاسی كوردستان، كۆبوونەوەكە دووپاتیكردەوە، كە گەلی كوردستان خۆڕاگرانە سوورە لەسەر دیالۆگ، بە پشتبەستن بە میكانیزمی ئاشتیانە و هیچ هەڕەشە و گوشارێك لە بڕیاری 25-9-2017 پاشگەزی ناكاتەوە.

دەقی بڕیارەکانی سەركردایەتی سیاسی كوردستان _ عێراق

یەكەم: كۆبوونەوەكە سوپاسی هەموو هاوڵاتیانی كوردستان و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان و لایەنە سیاسییەكانی كرد، كە بە یەكڕیزی و هاودەنگی و بە شێوەیەكی ئاشتیانە و مەدەنی بەشداریی پرۆسەی ریفراندۆمیان كرد و پیرۆزبایی ئەو سەركەوتنە مێژووییەی لە گەلی كوردستان كرد.

دووەم: كۆبوونەوەكە سوپاسی ئەرك و ماندووبوونی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم دەكات، كە پاش راپەڕاندنی پرۆسەی ریفراندۆم كۆتایی بە ئەركەكانی هێناوە.

سێیەم: كۆبوونەوەكە جەخت لە بەردەوامی زمانی حیوار لەگەڵ بەغدا و هەڵوێست و پەیامی ئاشتیخوازانەی گەلی كوردستان بۆ عێراق و دراوسێكان دەكاتەوە و پێشوازی لە بانگەوازی ئایەتوڵڵا سەید سیستانی لەمەڕ گرتنەبەری دیالۆگ دەكات و بە شێوەیەكی فەرمیش وەڵامی ئەو بانگەوازەی ئایەتوڵڵا سەید سیستانی دەداتەوە.

چوارەم: كۆبوونەوەكە جەخت لە پاراستنی سەقامگیری هەرێمی كوردستان دەكات و هەر جۆرە هەڕەشە و سەپاندنی سزای بە كۆمەڵ لەسەر خەڵكی كوردستان رەت دەكاتەوە و پاڵپشتی خۆیشی بۆ وەڵامی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەرانبەر بڕیار و رێوشوێنە خێراكانی بەغدا لەدژی خەڵكی كوردستان دووپات كردەوە.

پێنجەم: كۆبوونەوەكە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوە دڵنیا دەكاتەوە، كە ریفراندۆم و دەنگی ئاشتیانەی گەلی كوردستان بە هیچ شێوەیەك هەڕەشەی لەسەر سەقامگیری و ئاشتی ناوچەكە دروست نەكردەوە و ویستی سەرەكی گەلی كوردستان ئاشتی و پێكەوەژیانە و داوای كرد كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێز لە ئیرادە و دەنگی ئاشتیی گەلی كوردستان بگرێت.

شەشەم: كۆبوونەوەكە وێڕای دەربڕینی دەستخۆشی و پێزانین بۆ رۆڵی دەزگەكانی راگەیاندن، كە رۆڵێكی باشیان لە پڕۆسەی ریفراندۆمدا هەبووە، تەئكیدی لەوە كردەوە، كە پێویستە رۆڵی راگەیاندنی ناوخۆ لە خزمەت بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتیمانیدا بێت و ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە پێویستە لە چوارچێوەیەی یاسا سنوورێك بۆ ئەو هەوڵانە دابنرێت، كە بە ئاراستەی دژایەتیكردنی مافی گەل و بەرپاكردنی شەڕی دەروونی و پێشێلكردنی سەركەوتنی گەلی كوردستان كار دەكەن.

حەوتەم: كۆبوونەوەكە یەكڕیزی و یەكوتاریی هێز و لایەنە سیاسییەكانی بە كلیلی پاراستنی سەركەوتنەكانی گەلی كوردستان زانی و، جەختیشی لە رەوایەتیی بڕیاری گەلی كوردستان و پارێزگاری لەو بڕیار و دەستكەوتەكان كردەوە. كۆبوونەوەكە دووپاتیكردەوە، كە گەلی كوردستان خۆڕاگرانە سوورە لەسەر دیالۆگ، بە پشتبەستن بە میكانیزمی ئاشتیانە و هیچ هەڕەشە و گوشارێك لە بڕیاری 25ـی 9ـی 2017 پاشگەزی ناكاتەوە.

سەركردایەتی سیاسیی كوردستان _ عێراق

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com