نوچەنێت
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چەند تویتێکدا رایگەیاندبوو، ئامانجی حکومەتی عێراق لە کۆنترۆڵکردنی داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان پێدانی موچەی فەرمانبەرانی کوردستانە بەتەواوەتی. لە وەڵامدا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە چەند تویتێکدا، وەڵامی لێدوانەکانی عەبادی دەداتەوە و دەڵێت “عێراق ئامادەنییە موچەی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس بدات”.
لەدوای ئەنجامدانی گشتپرسی لە 25-9-2017 دا بۆ سەربەخۆیی، حکومەتی عێراق تەواوی گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان راگرتن، ئێستاش عەبادی هەڕەشەی کۆنترۆڵکردنی خاڵە سنوورییەکان و دەستبەسەرداگرتنی داهاتی نەوت دەکات.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەغدا دەڵێت، بەشی بودجەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان 460 ملیار دیناری عێراقییه و تەنیا ئامادەن ئەو بڕه بدەن، بەڵام بودجەی مانگانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بریتییه له 915 ملیار دیناری عێراقی.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە تویتەکاندا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانه 650 ملیار دیناری عێراقی بەسەر فەرمانبەرانی حکومەت دابەشدەکات، واتە 40% زیاتر لەو بڕەی بەغدا دەیەوێت بیدات.
سامانە سرووشتییەکان دەشڵێت، ئەو بڕە پارەیەی بەغدا دەیەوێت بیدات، بەشی مووچە ناکات و مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت کەمدەکرێتەوە. جەختیش لەوە دەکاتەوە کە حکومەتی عێراق پێشمەرگە، پێشمەرگەی خانەنشین و ئاسایش و پۆلیس ناناسێت کە مووچەی مانگانەیان دەکاتە 400 ملیار دیناری عێراقی.