نوچەنێت
پەرلەمانی کوردستان بە تێکڕای دەنگی پەرلەمانتاران وەڵامی بڕیارەکانی حکومەت و پەرلەمانی عێراقی دایەوە و رایگەیاند، تەواوی بڕیارەکان نایاسایین و گشتپرسی هەرێمی کوردستان پاڵپشت بە دەستووری عێراق ئەنجامدراوە. مەسعود بارزانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانیشی سەرپشک کرد بۆ پاراستنی ئەو ناوچانەی هەڕەشەیان لەسەرە.
رۆژی شەممە 30-9-2017، پەرلەمانی کوردستان بهسهرۆكایهتی د.جهعفهر ئیمینکی، جێگری سهرۆكی پهرلهمان و به ئامادهبوونی 62 پەرلەمانتار، مهولوود باوهموراد، وهزیری گواستنهوه و گهیاندنی حكومهتی ههرێمی كوردستان بهوهكالهت و ئامانج رهحیم، راوێژكاری یاسایی حكومهتی ههرێمی کوردستان کۆبووەوە، یەکێک لە تەوەرەکانیش وەڵامدانەوەی بڕیارەکانی حکومەت و پەرلەمانی عێراق بوو.
دەقی بڕیارەکانی پەرلەمانی کوردستان:
1. پەرلەمانی کوردستان دەستخۆشی و پیرۆزبایی سەرکەوتنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە گەلی کوردستان دەکات، کە لە پرۆسەیەکی دیموکراسی و مەدەنیدا خواستی خۆی بەجیهان نیشاندا، بە پشتبەستن بە بنەماو یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان و دەستووری عێراق، هاوکات دەسەڵاتە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان رادەسپێرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەنجامەکانی ریفراندۆم کە لە 25-9-2017 ئەنجامدراوە.
2. پەرلەمانی کوردستان پەسند و پشتگیری دەقی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکات، کە لە کۆبوونەوەی ژمارە 31 لە رێککەوتی 28-9-2017 وەک بەشێک لە وەڵامی پەرلەمانی کوردستان بۆ بڕیارەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ، جەخت دەکاتەوە لەوەی دەبێت حکومەت کار بە یاسا و بڕیارە بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان بکات.
3. داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە دەکەین رێز لە بڕیاری گەلی کوردستان بگرن، سەبارەت بە پیادەکردنی مافی چارەی خۆنووسین. پەرلەمانی کوردستان وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە دڵنیادەکاتەوە کە ریفراندۆمی کوردستانی عێراق بەهیچ شێوەیەک هەڕەشە نییە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی هیچ وڵاتێک، هەرێم فاکتەری ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە بووە و دەبێت.
4. یاسا بڕیارەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێی بڕگەی دووەم لە ماددەی 121 لە دەستووری عێراق و بڕیاری ژمارە 11ی ساڵی 1992ی پەرلەمانی کوردستان، بەهیچ شێوەیەک قابیلی جێبەجێکردن نین لە هەرێمی کوردستان، تاوەکو لەلایەن پەرلەمانی کوردستان بڕیاری جێبەجێکردنیان بۆ دەردەچێت.
5. پەرلەمانی کوردستان بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ لە کۆبوونەوەی ژمارە 23 ی رۆژی 27-9-2017 کە تایبەت بوو بە کاردانەوە لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم لەنێو هەرێم و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم رەتدەکاتەوە، دووپاتیشی دەکاتەوە کە بڕیارەکە نادەستووری و نایاساییە بە پشتبەستن بەم خاڵانەی خوارەوە.
یەکەم. لە برگەی 1ی بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەراندا هاتووە، بەتەواوەتی پێچەوانەی سیستەمی فیدراڵی و بنەمای دیموکراسییە کە لە ماددەی 1ی دەستووردا چەسپێندراوە، پێچەوانەی ماددەی 8ی دەستوورە کە تێیدا هاتووە (عێراق رێز لە پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی دەگرێت)، بڕیاری گەلی کوردستان لە ریفراندۆمی 25-9-2017 پاڵپشت بووە بە دەستووری عێراق و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەردوو پەیماننامەی نێودەوڵەتی ساڵی 1966 کە عیراق پەسندی کردوون بە یاسای ژمارە 193ی ساڵی 1970.
دووەم. بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لە کوردستانی عێراق لە 25-9-2017 پاڵپشت بووە بە رێسای مافی چارەی خۆنووسین کە رێسایەکی بەرفەرمانە، واتە (ئامیرەیە) لەسەر ئاستی یاسای نێودەوڵەتی بە شێوەیەک کە هیچ دەوڵەتێک بۆی نییە دژی ئەو رێسایە بووەستێتەوە، چجای ئەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق مافی چارەی خۆنووسین لەلایەن هاووڵاتیانی کوردستان بە تاوان لەقەڵەم بدات و داوای بەدواداچوونی قەزائی بکات بۆ ئەوانەی لە پرۆسەکەدا بەشداربوونە.
سێیەم: سەبارەت بە پابەندکردنی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بۆ بڵاوەپێکردنی هێزە فیدراڵییەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، پێچەوانەی بڕگەی یەکە لە ماددەی 9ی دەستوور کە ناکرێت هێزە چەکدارەکانی عێراق و هێزەکانی ئاسایش دژی پێکهاتەکانی گەلی عێراق بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە سیاسییەکان بەکاربهێندرێن، ئەمە جگە لەوەی ماددەی 140 ی دەستووری هەمیشەیی عێراق، مافی یەکلاکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی بە دانیشتووانی ئەو ناوچانە داوە لەڕێگەی راپرسییەوە، نەک فەرمانکردن بە بەکارهێنانی هێز بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو ناوچانە. وە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان سەرپشک دەکەین بۆ گرتنەبەری هەر رێکارێکی پێویست بۆ پاراستن و پارێزگاریکردن لەو ناوچانە و بەرقەراربوونی ئارامی تێیاندا.
چوارەم: بڕیارە وزارییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی عێراقی فیدراڵ کە لە بڕگەی 3ی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاماژی پێدراوە، هیچ پابەندییەکیان نییە لەسەر کوردستانی عێراق و لە دەرەوەی دەسەڵاتە تایبەتییەکانی حکومەتی فیدراڵە، لەهەمانکاتیشدا هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2011 خاوەنی ئەنجوومەنی ئاسایشی خۆیەتی.
پێنجەم: بڕیاری داخستنی دەروازە سنوورییەکان لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵ نییە و بەهیچ جۆرێک لە ماددەی 110 ی دەستووردا ئاماژی پێنەدراوە، بەپێی ماددە 115 لە دەستوور هەر بابەتێک کە لە چوارچێوەی دەسەڵاتە تایبەتییەکانی حکومەتی فیدراڵ نەهاتبێت دەسەڵاتی هەرێمەکانە.
شەشەم: سەبارەت بە کێڵگە نەوتییەکان کە دەکەونە چوارچێوەی سیاسەتی نەوت و گاز ئەویش لە ماددەی 110ی دەستووری عێراقی فیدراڵدا نەهاتووە، بەڵکو لەچوارچێوەی ماددە 112 چارەسەرکراوە، بۆیە ئەمەش دەسەڵاتی تایبەتی حکومەتی فیدراڵ نییە.
حەوتەم: سەبارەت بە داخستنی نوێنەرایەتی و نووسینگە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی کوردستان، ئەو مافە مافێکی دەستووری و یاسایی بەدەستهاتووە بۆ هەرێمی کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی کردنەوەی ئەو نوێنەرایەتی و نووسینگە نێودەوڵەتیانە، بەبێ ئەوەی هەرێمی کوردستان کەموکوڕی هەبووبێت لە پێوەر و رێنماییەکانی کارکردنی ئەو نوێنەرایەتی و نووسینگانە، بە ناڕەواییکردن لە بەکارهێنانی دەسەڵاتدا هەژماردەکرێت، سەرەڕای ئەوەی ئەم بابەتە دەکەوێتە چوارچێوەی یاسای گشتیی نێودەوڵەتی و بەپێی رێککەوتننامەی ڤیەننا بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسی و کونسوڵگەرییەکانی ساڵی 1963 کاری کونسوڵ و دیپلۆماتکاران رێکخراوە.
6. پەرلەمانی کوردستان تێکڕای ئەو بڕیارانەی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و راپەڕاندن و دادوەری عێراقی فیدراڵ رەتدەکاتەوە، کە وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم دراون.
لە کۆتاییدا پەرلەمانی کوردستان لە روانگەی باوەڕبوونی بە پرەنسیپی ئاشتەوایی نێوان گەلان دراوسێیەتی باش جەخت لە رێگاچارەسەری ئاشتیانە بۆ سەرجەم کێشەکان دەکاتەوە و لەوپێناوەش لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرپشک دەکات بۆ دەستپێکردنی گفوگۆی بنیاتنەرانە، هاوکات پەرلەمانی کوردستان داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لە دۆستانی گەلەکەمان دەکات کە بە نیگەرانییەوە لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ بڕوانن و هەڵوێستیان هەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەیان، چونکە لە روانگەی پەرلەمانی کوردستانەوە ئەو بڕیارانە سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستانن و دژی گەلی کوردستانن بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، هەروەها پەرلەمانی کوردستان دەستپێشخەرییەکەی مەرجەعی باڵای شیعە بەڕێز ئایەتوڵڵا سیستانی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان بەرزدەنرخێنێت و پێشوازی لە هەر هەوڵێکی نێودەوڵەتی یان کەسی دەکات بۆ دەستپێکردنی دانوستاندن و گفتوگۆ.