حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی عەبادی دەداتەوە

0

نوچەنێت

سه‌فین دزه‌یى، گوته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ راگه‌یێندراوێكی 5 خاڵیدا وه‌ڵامى نووسینگه‌ى حەیدەر عەبادی، سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق لەبارەی راگرتنی گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکانی فڕۆكه‌خانه‌كانى هه‌رێمى كوردستان‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تى عێراقه‌وه‌.

 ده‌داته‌وه‌.

1- جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كه‌ سزادانێكی بەكۆمەڵ و ئابڵوقەدانێكی بەكۆمەڵی خەڵكی كوردستان و پێداگیرییه‌ لەسەر ئەو پێشێلكارییە یاسایی و مرۆییەى بەرامبەر گەلی كوردستان دەیكات، بە بیانووی سەپاندنی دەسەڵاتی فیدراڵیی عێراق، لەكاتێكدا فڕۆكەخانه‌كانى هه‌رێم له‌ دروستكردنیانەوە تائێستا به‌پێى دەستوور و یاسا كارپێكراوه‌كانى عێراق كاریان كردووه‌ و چه‌ندین ده‌ستخۆشى و سوپاسنامه‌یان له‌ ده‌سه‌ڵاتى فڕۆكه‌وانیى مه‌ده‌نیى عیراق وه‌رگرتووه‌ و شانازییان پێوه‌ كردووه‌، به‌رده‌وامیش تیمه‌كانى حكومه‌تى عێراق بۆ چاودێرى سه‌ردانى هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌رێمى كوردستانیان كردووه‌.

2-  ئەم بڕیارە دەبێته‌ رێگر لە چوونی بەردەوامی نه‌خۆش و پێشمەرگە بریندارەكانی شەڕی داعش بۆ چارەسەری بۆ دەرەوە و هەندێكیان پێویستییان بە چاودێریی پزیشكیی بەردەوامە، چەندین رێكخراوی مرۆییش كە یارمەتیی ئێزدییانى قوربانیی دەستی داعش و ئاوارەیان دەدا، ناچار بوون كوردستان جێبهێڵن، سەتان خێزانی هەرێمی كوردستان و عێراقیش لە كورد و مەسیحی و عەرەبی سوننە كە په‌ڕاگه‌نده‌ى وڵاتان بوون، ناتوانن سەردانی یەك بكەن و به‌یه‌ك بگه‌نه‌وه‌.

3- بەو بڕیارە رێگە لە كاری هەزاران هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان دەگرێت كە بازرگانی لەگەڵ دەرەوە دەكەن و مافێكی بنچینەییی مەدەنی و مرۆییی خەڵكی كوردستان پێشل دەكات له‌ جووڵه‌ و هاتووچۆ و گه‌شتكردنێكى ئاسان و ئاسایی، مافێك كه‌ یاسا و ده‌ستوورى عێراق و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و رێككەوتننامەی نێودەوڵەتیی شیكاگۆ بۆ فڕۆكەوانیی نێودەوڵەتی و جاڕنامەی جیهانی بۆ مافەكانی مرۆڤ و رێككەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافی مەدەنی و سیاسى، بۆ هەموو كەسێكیان زامن كردووه‌.

4- ئێمە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان داوامان لە حكومەتی عێراق كرد كە لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵیی عێراق دابنیشن و هەر لێكنەگەیشتنێك هەبێت چارەسەری بكەن، بەڵام بەداخەوە حكومەتی عێراق گفتوگۆ و دانیشتنی رەتكردووەتەوە، چونكه‌ هیچ كێشه‌ و لێكنه‌گه‌یشتنێكى وا له‌ئارادا نییه‌ و بڕیاره‌كه‌ ته‌واو بڕیارێكى سیاسییه‌.

5- ئێمە دووباره‌ داوا لە حكومەتی عێراق و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان دەكەین ئەو سزادانە بەكۆمەڵە و ئەو بڕیارە سیاسییە نادەستوورییە رابگرێت و حكومه‌تى عیراق ئەوەش نەخاتە پاڵ سزادانە داراییە چوار ساڵییەكەی رابردووی بەرامبەر بە گەلی كوردستان كە لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا توانی گەورەترین بەرگری بەرامبەر هێرشی داعش ئەنجامبدات و تێكیبشكێنێت، هەروەها هەرێمی كوردستان لەو شەڕه‌دا گەورەترین یارمەتی پێشكه‌شی خه‌ڵك و پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییه‌كانى عێراق و سووریا كرد كه‌ نزیكه‌ى دوو ملیۆنیان وه‌ك په‌نابه‌ر و ئاواره‌ روویان له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد، پێشمه‌رگه‌ى كوردستانیش ئه‌وپه‌ڕى هاوكاریى سوپای عێراقی كرد.

ئێوارەی رۆژی هەینی 29-9-2017 سەرجەم گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی راگیران،  لە راگەیێندراوێکیشدا  نووسینگەی حەیدەر عەبادی رایگەیاند: “كۆنترۆڵكردن و دەستبەسەرداگرتی ‌سه‌رجه‌م ده‌روازه‌ وشكانی و ئاسمانییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە به‌مه‌به‌ستی برسیكردن و گەمارۆدانی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان نییە”.

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ئاماژەی‌ به ‌پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی گه‌لی عێراق کرد له‌نێویشیاندا گه‌لی كورد. جه‌ختی لەوەش کردەوە هه‌ر رێكکارێك بگیرێته‌به‌ر، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌لی كورد له‌به‌رچاو ده‌گیرێن. 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com