نوچەنێت
سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی روسیا لە کۆبوونەوەکەی نێوانیاندا باسیان لە چەند تەوەرێک کرد، بەڵام یەکێک لە سەرەکیترینیان گشتپرسی تایبەت بە سەربەخۆیی باشووری کوردستان بوو.
رۆژی پێنجشەممە 28-9-2017 ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا گەیشتە ئەنقەرە و لەگەڵ ئەردۆغان کۆبووەوە ، لەدوای کۆبوونەوەکە ، رەجەب تەیب ئەردۆغان دژایەتی ئەنقەرەی بۆ گشتپرسیەکە دووپاتکردەوە و داوایشیکرد کۆمەڵگای نێودەوڵەتی رێگا لە سەربەخۆیی کوردستان بگرێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆنفرانسێکی هاوبەش لەگەڵ پووتین گوتی “دەبێت رێگا نەدەین حکومەتی هەرێم هەڵەی گەورەتر بکات. گرنگە کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەگەڵ یەکپارچەیی عێراق و یەکگرتوویی سیاسی ئەو وڵاتەدا بێت”.
هەڵوێستی فەرمی رووسیا لە بەرامبەر گشتپرسییەکەی تایبەت بە باشووری کوردستان هەر زوو دەرکەوت.
ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییە هاوبەشەکەیدا لەگەڵ ئەردۆغان سەبارەت بە گشتپرسی کوردستان گوتی “بێگومان لە کۆبوونەوەکەدا باسمان لە گشتپرسی کوردستانی عێراق کرد. هەڵوێستی روسیاش دەربارەی ئەو پرسە بۆ هەموو لایەک ئاشکرایە، کە لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی روسیادا ئاشکرا کراوە و هیچ گۆڕانکارییەکیشی بەسەردا نەهاتووە”.
وەزارەتی دەرەوەی روسیا بڵاویکردەوە، مۆسکۆ رێز لە خواستی کوردەکان بۆ هەبوونی دەوڵەتێکی نیشتمانی دەگرێت، بەڵام باوەڕی وایە دەبێت پرسەکە لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێت، نەوەک لە رێگەی راگەیاندنی تاکلایەنەی سەربەخۆییەوە.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی روسیادا هاتووە، مۆسکۆ بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی سەروەری و یەکپارچەیی عێراق و وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەشڵێت “دەکرێت و دەبێت کێشەی تایبەت بە پێگەی کوردستانی عێراق لە رێگای دیالۆگی ئەرێنی و پڕ لە رێزەوە چارەسەر بکرێت، کە ئامانج لێی دۆزینەوەی شێوازێکی گونجاوی پێکەوەژیان بێت لە دەوڵەتێکی یەکگرتووی عێراقدا”.