نوچەنێت
ئێوارەی ئەمڕۆ (پێنجشەممە 28-9-2017) کۆنگرەی گردبوونەوەی عەرەبی سوننە لە شاری هەولێر کۆتایی هات و تێیدا راگەیاندراوێک بڵاو کرایەوە.
د. ناجح عەباس میزان، نوێنەری عەرەبە سوننەکانی عێراق ئەوەی لەو کۆنگرەیەدا راگەیاند، کە زۆربەی کێشەکانی عێراق لە ناوچەکانی سنووری عەرەبی سوننەدایە و جەختی لەوە کردەوە، کە عەرەبە سوننەکان لە چەند ساڵی ڕابردوودا لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە پشتیوانییان لێکراوە و دەڵێت ”برایانی کوردمان لە مردنی دوولایەنە ڕزگاریان کردین، داعش دەیویست بمانکوژێ و لە بەغداش پێکهاتەی عەرەبی شیعە دەیانویست بمانکوژن“.
لە کۆتایی کۆنگرەکەدا ڕاگەیاندراوی کۆتایی خوێندرایەوە، کە تێیدا پشتیوانی خۆیان بۆ مافی چارەنووسی کوردستان دەربڕی و بە مافێکی سرووشتی و خواییان وەسف کرد.
هاوکات ئەوەیان راگەیاند، کە بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق لە دژی هەرێمی کوردستان، نایاسایی و نائەخلاقییە و ئەوان وەکوو عەرەبە سوننەکان، پشتیوانی لە خواستی گەلی کوردستان بۆ سەربەخۆیی دەکەن.