کۆسرەت رەسول: دەمانەوێت لەگەڵ عێراق دوو دراوسێی باش بین

0

نوچەنێت

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشمانی کوردستان پەیامێکی بەبۆنەی سەرکەوتنی گشتپرسی بڵاوکردەوە و پیرۆزبای لە خەڵکی کوردستان کرد و گوتی “دەمانەوێ لەگەڵ حکومەتی ناوەند ناكۆكی و جیاوازییەكانمان بە گفتوگۆ چارەسەر بكەین و ئامانجمانە دوو دراوسێی باش بین”.

رۆژی چوارشەممە 27-9-2017، نوسینگەی رۆژنامەوانی کۆسرەت رەسول، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشمانیی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و رایگەیاند “شەرەف و شانازییەكی گەورەبوو بۆ گەلەكەمان لە رۆژی گشتپرسیدا هەموومان پێكەوە بەرە و سندووقەكانی دەنگدان چووین و بە “بەڵێ” دەنگماندا بۆ سەربەخۆیی كوردستان”.

لە بەشێکی پەیامەکەیدا کە ئاراستەی حکومەتی ناوەندی کردووە هاتووە ” ئامانجمانە لەگەڵ حكومەتی ناوەند و سەرجەم هێز و لایەنە عێراقییەكان دەست بكەینەوە بە گفتوگۆیەكی جددی و بنیاتنەرانە و لە رێگای لێكتێگەیشتنی هاوبەش چارەسەری گونجاو بۆ پرسە گرنگەكانی نێوانمان و ئایندەی پەیوەندییەكانمان بدۆزینەوە و دوو دراوسێی باش بین”. 

دەقی پەیامەکەی کۆسرەت رەسول:

كۆسرەت رەسول عەلی، پیرۆزبایی سەركەوتنی گشتپرسی لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەكات

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان
پێشمەرگە قارەمانەكان
جەماوەری خۆڕاگر و بەهەڵوێستی كوردستان

شەرەف و شانازییەكی گەورەبوو بۆ گەلەكەمان كە لەرۆژی گشتپرسیدا هەموومان پێكەوە بەرەو سندوقەكانی دەنگدان چووین و بە بەڵێ دەنگماندا بۆ سەربەخۆیی كوردستان، بەم هەنگاوەش گەلەكەمان رۆحی شەهیدانیان ئاسوودەكرد و بۆ جیهانی دەرەوەشمان سەلماند كە میللەتێكی ئازادیخوازین و دەمانەوێ‌ بە ئاشتی و ئازادی و ئارامی بژین.

لەم رۆژە مێژووییەدا پیرۆزبایی گەرمی خۆم ئاراستەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەكەم و دووپاتی دەكەمەوە كە ئیدی دەبێ سەركردایەتی سیاسی كورد بە كۆدەنگی و یەكدەنگی نیشتمانی هەوڵ بۆ هەنگاوەكانی داهاتوو بدات.

جەماوەری خۆڕاگری كوردستان..

لە رۆژی پیرۆزی گشتپرسیدا هاوكات لە هەموو شار و شارۆچكەكانی كوردستان بە كەركووكی شاری ئاشتی و برایەتی و پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەو نەتەوە جیاوازەكان و “سەر”ی كوردستان و سەرجەم ناوچە كوردستانییەكانی ترو كوردانی دەرەوەی وڵات، هاونیشتمانیانمان “بەڵێ”ی سەربەخۆبوونیان هەڵبژاردوو جوانترین و ئاشتیانەترین و دیموكراسیترین پەیامیان ئاراستەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كرد و، وتیان بەڵێ ئێمە دەمانەوێ‌ ئازادو سەربەخۆ بژین بەبێ هیچ جیاوازییەكی ئایینی، نەتەوەیی و كلتووری، هەربۆیە جارێكی تر پیرۆزبایی گەرمی خۆم ئاراستەی سەرجەم خوشك و برا عەرەبەكان، توركمان و كلد و ئاشوورییەكان دەكەم، كە ئەمڕۆ هاوئاوازی گەلی كورد گوتیان بەڵێ دەمانەوێ‌ بە ئاشتی و ئارامی لەگەڵ خوشك و برا كوردەكانمان بژین.

لێرەوەش دووپاتی دەكەمەوە، كە ئامانجمانە لەگەڵ حكومەتی ناوەند و سەرجەم هێز و لایەنە عێراقییەكان دەست بكەینەوە بە گفتوگۆیەكی جدی و بنیاتنەرانە و لەرێگای لێكتێگەیشتنی هاوبەش چارەسەری گونجاو بۆ پرسە گرنگەكانی نێوانمان و ئایندەی پەیوەندییەكانمان بدۆزینەوە و دوو دراوسێی باش بین. 

هاوپەیمانی ستراتیژی سەرجەم وڵاتانی دیموكراتخواز بین و بەهەموومان لەبەرەی دیموكراسی دژی تیرۆرستان بوەستینەوە، جەختیش لەوە دەكەمەوە كە دەرگای گفتوگۆمان واڵایە بۆ هەموو لایەك و دەمانەوێ‌ سەرجەم ناكۆكی و جیاوازییەكانمان لەسەر مێزی گفتوگۆ و بە دیالۆگ چارەسەر بكەین.

جارێكی تر پیرۆزبایی خۆم و سەرجەم سەركردایەتی سیاسی كورد ئاراستەی گەلەكەمان دەكەم و لەم رۆژە مێژووییەدا سەری رێز و نەوازش بۆ سەرجەم شەهیدان دادەنوێنین و پێیان دەڵێین كاروانەكە بەردەوامەو تا دوامەنزڵ ناوەستێ‌.

كۆسرەت رەسول عەلی
كەركوك- كوردستان

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com