پەرلەمانتارانی کورد بۆ گەڕانەوەیان چاوەڕێی بڕیاری سەرکردایەتی دەکەن

0

نوچەنێت: تایبەت

پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا رایدەگەیەنێت، گەڕانەوەمان بۆ پەرلەمان پەیوەندی بە بڕیاری سیاسی سەرکردایەتی کورد و گۆڕینی هەڵوێستی بەغدا بەرامبەر هەرێم هەیە و دەشڵێت “قۆناغی شەراکەت کۆتایی هاتووە”.

رۆژی سێشەممە 12-9-2017 پەرلەمانی عێراق بڕیاری لە دژی خواستی ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان، دەرکرد و بەو هۆیەوە پەرلەمانتارانی کوردستان کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقیان بایکۆت کرد، تائێستاش نەگەڕاونەتەوە هۆڵی پەرلەمانی عێراق، ئەمەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ (چوارشەممە 27-9-2017) پەرلەمانی عێراق بەئامادەبوونی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، چەند بڕیارێکی دژی هەرێمی کوردستان دەرکرد.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، نەجیبە نەجیب، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی گەڕانەوەیان بۆ پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: گەڕانەوەمان بۆ پەرلەمان پەیوەندی بەبڕیاری سیاسی سەرکردایەتی کورد، هەروەها گۆڕینی هەڵوێستی بەغدا بەرامبەر هەرێمی کوردستان هەیە، بۆیە چاوەڕێ دەکەین بزانین گفتوگۆیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا چی بەسەردێت، چونکە ئێستا ئێمە لە قۆناغێکی ترداین، کە قۆناغی دوای گشتپرسییە، قۆناغی شەراکەت کۆتایی هاتووە.

نەجیبە نەجیب گوتیشی “پەرلەمانی عێراق نەبووەتە بەشێك لەچارەسەری کێشەکان، بەڵکو بووەتە قووڵکردنەوەی بەشێك لە کێشەکان، بۆیە لەئێستادا گەڕانەوەی ئێمە بۆ بەغدا، هیچ سودێکی نییە و هەر بڕیارێكیش لە پەرلەمان دەربچێت بەزۆرینە دەبێت، کە ئەوەش حیساب نەکردنە بۆ کوردستان”. 

لەبارەی بڕیارەکانی بەغدا بۆ دژایەتی گشتپرسی کوردستان دەڵێت “ئەم هەنگاوانەی ئەوان زیاتر نزیکمان دەکاتەوە لە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، بۆ هەموو دونیا دەردەکەوێت، کە ئەم عەقڵیەتەی بەغدا ئەوە نییە گەڵی کورد لەگەڵی بەردەوام بێت”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com