پەرلەمانی عێراق 12 بڕیاری لەبارەی کوردستان پەسەند دەکات

0

نوچەنێت

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا، 12 بڕیاری لەبارەی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان پەسەندکرد، کە یەکێکیان ناردنی هێزە بۆ کەرکوک.

دەقی بڕیارەکان:

1 ـ ئەنجامدانی گشتپرسی لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان دەستووری نییە، بەپێی بڕگەكانی ماددەی 1ی دەستووری عێراق، كە جەخت لەسەر یەكێتی خاكی عێراق دەكاتەوە.

2 ـ پابەندكردنی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان بە گرتنەبەری سەرجەم رێو شوێنە دەستووری و یاساییەكان لە پێناو پاراستنی یەكێتیی عێراق و هاوڵاتیان و دەركردنی فەرمان بۆ هێزە ئەمنییەكان بە گەڕانەوەو بڵاوبوونەوەیان لە سەرجەم ناوچە جێناكۆكەكان، بە كەركویشەوە بۆ ئەو شوێنانەی لە پێش 10/6/2014 تێیدا بوون.

3 ـ جەختكردنەوە لەسەر جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانەی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئاسایشی نیشتمانی لە دوایین دانیشتن دەركراون، سەرەڕای بڕیاری بەدواداچوونی دادگایی ئەو كەسانەی بەرپرس بوونە لە جێبەجێكردنی گشتپرسی، لەوانە سەرۆكی دەسەڵاتی هەرێم و دادگاییكردنی بەپێی یاساكانی عێراق و سەرجەم ئەو فەرمانبەرە كوردانەی سەربە دامەزراوەكانی دەوڵەتی فیدراڵین.

4 ـ داخستنی ئەو دەروازە سنوورییانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی حكومەتی فیدڕاڵین و هەژماركردنی كاڵاكانیان بە قاچاخ، داواش لە وڵاتانی دراوسێی عێراق بكرێت رێكاری پێویست بۆ هاوكاریكردنی حكومەتی عێراق بگرنەبەر بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانە.

5 ـ گەڕاندنەوەی كێڵگە نەوتییەكانی باكوور لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان و سەرپەرشتی كردنیان لەلایەن وەزارەتی نەوت و رێگرتن لە دەستتێوەردانی پارتە دەستڕۆییشتووەكان لەو ناوچانە.

6 ـ گرتنەبەری سەرجەم رێكارەكان بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن، یاسادانان و دادوەری تایبەت بە هەرێمی كوردستان، بەبڕیاری لادانی پارێزگاری كەركوكیشەوە.

7 ـ حكومەتی عێراق سەرجەم باڵیۆزو نوێنەرانی ئەو وڵاتانەی نوێنەرایەتیان لە هەرێم هەیە بانگهێشت بكات و داوایان لێبكات نوێنەرایەتی و كونسوڵخانەكانیان بۆ دەرەوەی پارێزگاكان هەرێمی كوردستان بگوازنەوە.

8 ـ داوا لە سەرۆككۆماری عێراق بكرێت، بەپێی ماددەی 67ی دەستووری عێراق بە ئەركی دەستووری خۆی هەڵسێت، بەو پێیەی سومبولی یەكێتیی نیشتمان و نوێنەری سەروەری وڵات و پارێزەری سەربەخۆیی و سەروەری و یەكێتی خاكی عێراقە.

9 ـ جەختكردنەوە لەسەر جێبەجێكردنی ستراتیژیەتی ئاشتەوایی نیشتمانی لەسەر بنەمای زاڵكردنی ناسنامەی نیشتمانی.

10 ـ كاركردن لەسەر گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان و گرتنەبەری سەرجەم رێگەكان بۆ بە دیهێنانی ئەو ئامانجە و دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیان لێكەوتووەكان.

11 ـ بەردەوامبوونی سەرجەم فەرمانبەرانی كورد، ئەوانەی بەشداریان لە گشتپرسی نەكردووە، لە سەركار و پۆستەكانیان.
   
12 ـ پاراستنی پەیوەندییە نیشتمانی و كۆمەڵایەتییەكان لەگەڵ هاوڵاتیانی كورد بەو پێیەی پێكهاتەیەكی بنەڕەتییە لە پێكهاتەكانی گەلی عێراق.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com