
پارێزگاری نه‌ینه‌وا پشتگیری له گرێبه‌سته‌كانی هه‌رێم و كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل ده‌كات
نوچەنێت
خه‌ندان- دانا ته‌یب مه‌نمی
به‌پێی هه‌واڵێكی سایتی (ئیراك ئۆیل ڕیپۆرت) ئه‌سیل نوجێفی، پارێزگاری نه‌ینه‌وا، پشتگیری له‌و ڕێكه‌وتنانه ده‌كات كه له‌نێوان كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل و هه‌رێمی كوردستاندا بۆ دۆزینه‌وه و ده‌رهێنانی نه‌وت و غاز له ناوچه جێناكۆكه‌كان واژۆكراون.
به‌پێی سه‌رچاوه‌كه به زامنكردنی پشتگیری پارێزگاری نه‌ینه‌وا هه‌رێمی كوردستان و كۆمپانیای نه‌وتی ئیكسۆن مۆبیلی ئه‌مریكی له‌شه‌ڕی دژی حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌غدادا له‌سه‌ر مافی كۆنترۆڵكردنی نه‌وت و غاز هاوپه‌یمانێكی به‌هێزیان په‌یداكردووه، به‌وه‌ش كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل ده‌توانێت به‌بێ ترس و نیگه‌رانی له كاردانه‌وه‌ی توندوتیژی كاربه‌ده‌ستانی نه‌ینه‌وا له‌و پارێزگایه كاربكات.
كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل، كه یه‌كێكه له كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانی نه‌وت، له مانگی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی پاردا گرێبه‌ستێكی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان واژۆكرد بۆ په‌ره‌پێدانی شه‌ش بلۆكی نه‌وتی له هه‌رێمی كوردستان و ناوچه دابڕێنراوه‌كان له پارێزگای نه‌ینه‌وا، و دوابه‌دوای ئه‌وه حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌غدا و ده‌سه‌ڵاتدارانی نه‌ینه‌وا ڕایانگه‌یاند هه‌رێمی كوردستان به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی به‌غدا مافی ئه‌وه‌ی نیه له “ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كان”دا وه‌به‌رهێنان له‌بواری نه‌وت و غازدا بكات.
یه‌كێك له بابه‌ته هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، كه به‌رده‌وام داوا ده‌كرێت به‌پێی یاسای نه‌وت و غاز له عیراقدا چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌رده‌وام كێشه‌ی سیاسی و ئابوری به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت، به‌و پێیه‌ی حكومه‌تی ناوه‌ند به‌پشتبه‌ستن به چه‌ند بڕگه‌یه‌كی ده‌ستوری عیراق مافی هه‌رێم زه‌وت ده‌كات له دۆزینه‌وه و ده‌رهێنان و فرۆشتنی نه‌وت و ئه‌نجامدانی گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكان، هه‌روه‌ها هه‌رێمی كوردستانیش به‌پشتبه‌ستن به چه‌ند بڕگه‌یه‌كی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عیراق چۆنێتی ئه‌نجامدانی گرێبه‌ست و گه‌ڕان به‌دوای نه‌وتدا به‌مافی خۆی ده‌زانێت.
ئه‌وه‌ش وایكردووه، حكومه‌تی عیراقی مامه‌ڵه نه‌كات له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كه گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ئیمزاكردووه، جگه له‌وه‌ی ئاسته‌نگ ده‌خاته به‌رده‌م كاره‌كانیان و پاره‌ی كاركردنه‌كانیان پێنادات.