نوچەنێت ـرووداو
وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی رێز لە خواستی کورد دەگرێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەت، بەڵام پێشیوایە پێویستە کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، نەک تاکلایەنە سەربەخۆیی رابگەیێندرێت.
وەزارەتی دەرەوەی روسیا دەشڵێت، بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی گشتپرسی هەرێمی کوردستان، دەنگی “بەڵێ” بۆ جیابوونەوە و راگەیاندنی سەربەخۆیی لە سەرووی 90% نزیکبووەتەوە.
روسیا ئاماژەی بەوەش کردووە، پشتگیری سەروەری و یەکگرتوویی عێراق و وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات و دەشڵێت ناکۆکییەکان لەبارەی پێگەی کوردستانی عێراق، دەتوانرێ و پێویستە بە “گفتوگۆی بونیاتنەرانە و رێزگرتنی یەکدی” چارەسەر بکرێت.
وەزارەتی دەرەوەی روسیا راشیگەیاندووە، گشتپرسییەکە لەوانەیە ببێتە هۆی درووستبوونی گرژی زیاتر لەناوچەکەدا، بۆیە “مۆسکۆ بە گرنگی دەزانێت لە هەموو ئەو هۆکارانە دووربکەوێتەوە، کە دەبنە هۆی زیاتر ئاڵۆزکردنی دۆخەکە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کە خۆی دووچاری کۆمەڵێک گرژی و ئاڵۆزیی بووەتەوە”.