نوچەنێت
وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان رادەستکردنی فڕۆکەخانەکان بە بەغدا رەتدەکاتەوە و بە بڕیارێکی “نایاسایی و نەگونجاو” ناویدەبات.
مەولوود باوەموراد، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بە وەکالەت لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی وەڵامی بڕیارەکانی بەغدای بۆ رادەستکردنی فڕۆکەخانەکان لەماوەی سێ رۆژدا دایەوە.
مەولوود باوەموراد رایگەیاند: فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی موڵکی کوردستانن و لە کارەکانیان بەردەوام دەبن. بڕیارەکەی عێراقیش لەبارەی رادەستکردنەوەی فڕۆکەخانەکان و راگرتنی گەشتەکان بڕیارێکی دروست و گونجاو نییە، هاوکات کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر خەڵک”.
وەزیری گواستنەوە و گەیاندن راشیگەیاند، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراق خۆی سەرپەرشتی فڕۆکەخانەکان دەکات، بە هەولێر و سلێمانیشەوە. روونیشیکردەوە هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی، هاوشێوەی سەرجەم فڕۆکەخانەکانی دیکەی عێراق پابەندن بە بڕیار و راسپاردەکانی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق و ئەوان نوێنەر و سەرپەرشتیان لە فڕۆکەخانەکان هەیە.