پەیامی بارزانی بەبۆنەی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان

0

نوچەنێت

سەرۆكی هەرێمی كوردستان، له‌ باره‌ى ئه‌نجامدانى پرۆسه‌ى ريفراندۆمه‌وه‌ په‌يامێكى بڵاوكردەوە.

مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند ئەوەی لە 25ی ئەیلوول، لەلایەن گەلی کوردستانەوە بڕیاری لەسەر درا، کە بەڵێ بوو بۆ سەربەخۆیی، تاوان نییە و دژی دەستووری عێراقیش نییە.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتی “لە 25ی ئەیلوولەوە کوردستان چووەتە قۆناخێکی نوێ و مافی خۆمانە بڕیاری خۆمان بدەین”.

بارزانی هەروەها داوای لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد، بە گفتوگۆ كێشەكان چارەسەر بكەن.

هەروەها دووپاتی كردەوە بەغدا هەر سزایەك بخاتە سەر كوردستان، لە كیمیاباران و ئەنفالكردن و بڕینی مووچە خراپتر نابێت، ئاماژەشی بەوە دا كە “كورد سەلماندی گەلیكی خاوەن ئیرادەین”.

دەقی پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان:

بەناوی خودای گەورە و میهرەبان
جەماوەری خۆشەویستی كوردستان
خوشك و برایانی ئازیزم
سوپاس،.. سوپاس بۆ خوای گەورە، سوپاس بۆ ئێوەی سەربەرز..
لە ناخی دڵمەوە پیرۆزبایی گەرم لە هەمووتان دەكەم بە هەموو ڕەنگ و دەنگە جیاوازەكان، هەموو حزبەكان و هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكان.

خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەكان، ئەو سەركەوتنەتان لێ پیرۆز بێت. دڵنیام ئێستا ڕۆحی شەهیدان ئاسوودەیە و دەزانن ئەم سەركەوتنە مەزنە لەسایەی خوێنی ئەوان هاتووەتە كایەوە.

سوپاسی هەمووتان دەكەم كە دەنگدان و چوونە سەر سندووقەكانتان وەك جەژن لێ كرد، ئیرادەی گەلی كوردستانتان پێشانی دونیا دا و بڕیاری خۆتان دا.

سوپاسی بێ پایانم بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان و دەزگەكانی ئاسایش و هێزی ناوخۆ كە شەونخونیان كرد بۆ سەركەوتنی ئەم پڕۆسەیە.

سوپاسی تایبەتیش بۆ دانیشتوانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ بەشداریی گەرموگوڕیان لە ڕیفراندۆم، هەروەها سوپاسی تایبەت بۆ ڕەوەندی كوردستانی لە دەرەوە كە ڕۆڵی كاریگەریان بینی لە پاڵپشتیكردنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم. سوپاسی دۆستانمان لە سەرتاسەری جیهان دەكەین كە هاوسۆزی گەلی كوردستان بوون لەو پڕۆسەیەدا. بە پێویستی دەزانم سوپاسی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە كوردستان بكەم.

خوشك و برایان

چ ڕۆژێك لەوە خۆشتر و گەورەتر و پیرۆزترە كە مرۆڤ سەركەوتنی ئیرادەی گەلەكەی بۆ دیاریكردنی مافی چارەنووسی خۆی بە ئازادی، ڕابگەیەنێت.
منەتباری خوای گەورەین كە ئەوەندە دەرفەتی پێداین بە چاوی خۆمان ئەو ڕۆژە پیرۆزە ببینین. سەركردە مەزنەكانمان، هەزاران ڕۆڵەی قارەمان بە حەسرەتی ئەوە بوون ئەم ڕۆژە ببینن، بەڵام لەپێناویدا شەهید بوون. لێرەدا درود بۆ گیانیان دەنێرین و بەڵێنی وەفادارییان بۆ دووپات دەكەینەوە.

جەماوەری سەربەرزی كوردستان

بە خۆڕاگریی خۆتان نەتانهێشت ئیرادەتان بشكێت و ئێستایش دوای دەنگی بەڵێی ئێوە كە بەڵێ بوو بۆ سەربەخۆیی و نەخێر بوو بۆ ئەنفال و كیمیاباران و كۆمەڵكوژییەكی تر، قۆناغێكی تازە هاتووەتە پێش كە وەرچەرخانێكی گەورەیە بۆ ئێستا و داهاتوومان و ئەوە سەركەوتنی هەموو گەلی كوردستانە.

ئەوەی گەلی كوردستان لە 25ـی 9 بڕیاری لێ دا، تاوان نییه‌ و دژی هیچ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی نییه‌.

دەستووری عێراقیش ڕێگە بە ئێمە دەدات، كە بە ڕوونی دەڵێ “ان الالتزام بهذا الدستور يحفظ للعراق اتحاده الحر”. زۆر روونیشه‌، كه‌ حكومه‌تی به‌غدا ئیلتیزامی پێ نه‌كرد.

دوای 2003 لەسەر بنەمای یەكگرتنی ئارەزوومەندانە و شەراكەت چووینەوە بەغدا و ئەمە لە دەستووری ساڵی 2005 پەسەند كرا. بەڵام بەداخەوە ئیلتزام بە دەستوور نەكرا. كەواتە مادام شەراكەت قبوڵ نەكرێت و دەستوور پێشێل بكرێت، مافی خۆمانە بڕیاری خۆمان بدەین و گەلی كوردستان لە 25ـی 9ـی 2017 بڕیاری خۆی دا و كوردستان چووە ناو قۆناغێكی نوێی جیاواز لە قۆناغەكانی پێشووتر.

با هیچ كەس گلەیی لە ئێمە نەكات. ئێمە هەموو شتێكمان كرد بۆ پاراستنی پێكەوەژیان و یەكپارچەیی عێراق. بەڵام كە بەغدا پێكەوەژیانی قبوڵ نەكرد و گەلی كوردستانی ناچار كرد بڕیارێك بدات كە پێویست بوو زۆر لەمێژە درابا.

لێرەدا بە دەرفەتی دەزانم پەیامێكی تایبەت ئاراستەی حكوومەتی عێراق و وڵاتانی دراوسێ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بكەم:

برادەران لە حكومەتی عێراق

داواتان لێ دەكەم بە جددی و بە هێمنی خوێندنەوەیەك بۆ مێژووی پەیوەندییەكانمان بكەن، كە چی بەسەر ئێمەدا هێنراوە. سەرەڕای ئەوەیش هاتینەوە بەغدا، بەڵام ئایا وەك پێویست مافە بنەڕەتییەكانی گەلی ئێمەتان بە هەند وەرگرت؟ ڕوویەكی خۆش و گەشتان پێشان دا كە دڵمان خۆش بێت و ئومێدمان هەبێت؟ به‌ڵێ، له‌ سه‌ره‌تا ڕێككه‌وتین له‌سه‌ر ده‌ستوور و شه‌راكه‌ت. رۆڵی گرینگی كوردستان له‌ دامه‌زراندنی عێراقی تازه‌ زۆر ئاشكرایه‌، به‌ڵام ئێوه‌ هه‌موو رێكه‌وتن و په‌یمانێكتان تێكدا.

پێویست بە تووڕەیی و هەڕەشە ناكات و گلەیی لە خۆتان بكەن. ئێوە بوون كە بە كردەوە و سیاسەتی خۆتان بە ئێمەتان گوت، ئێوەمان ناوێت و به‌ ده‌نگی به‌رز گوتتان هاوپه‌یمانیی كورد و شیعه‌ نه‌ما.

ڕێز لە ئیرادەی گەلی كوردستان بگرن. ئایا ڕەوایە دەنگی ملیۆنان مرۆڤ بە ناشەرعی بزانرێت؟ ئەم بۆچوونە دوورە لە مەنتق و عەقلانیەت؟ هەر گەلێك خۆی شەرعیەت بە بڕیاری خۆی دەدات نەك خەڵكی تر.

مێژوویەكی درێژمان پێكەوە بووە و هەوراز و نشێوی زۆری بینیوە و كارەساتی گەورەمان بەسەردا هاتووە. بەردەوامبوون لەسەر ئەزموونێكی شكستخواردوو باش نییە و سەركەوتووش نابێت و نه‌ ئێمه‌ و نه‌ ئێوه‌ش ئاسووده‌ نابین لەجیاتی هەڕەشە و سزادان، وەرن با دۆستانە بكەوینە گفتوگۆیەكی جددی و كاتی پێویستیش بە دیالۆگ بدەین. بۆ ئەوەی ببینە دوو دراوسێی باشی یەكتری. پێمانوایە كە حیوار لە هەموو حاڵەتێكدا تاكە ڕێگەیە بۆ گەییشتن بە ئاییندەیەكی باشتر بۆ هەردوولامان.

ئەم ڕیفراندۆمەی ئەنجام دراوە نە بۆ فەرزكردنی ئەمری واقعە و نە بۆ دیاریكردنی سنوورە، بەڵكو بۆ ئەوە بوو گەلی كوردستان بە شێوەیەكی دیموكراتی و ئاشتیانە ڕای خۆی لەبارەی چارەنووسی خۆی دەرببڕێت.

جارێكی تر داواتان لێ دەكەم وەرن با بە گفتوگۆ چارەسەری كێشەكان بكەین. داوا لە بەڕێز حەیدەر عەبادی و هەموو هێز و لایەنەكانی عێراقی دەكەم، ئەوانەی بڕوایان بە گفتوگۆ هەیە دەرگەی حیوار دانەخەن چونكە تەنیا حیوار و گفتوگۆ چارەسەرە.

ئەگینا هەر سزایەك لەسەر گەلی كوردستان دابنرێت، خۆ لە ئەنفال و كیمیاباران و كۆمەڵكوژی و نانبڕین كاریگەرتر نابێ. با پەند لە ڕابردوو وەربگرین. ئێمە لە هەموو دۆخێكدا تەئكید لە برایەتی كورد و عەرەب و هه‌موو پێكهاته‌كان دەكەینەوە و ناكۆكیی سیاسی لەگەڵ حكوومەت بە هیچ شێوەیەك نابێ برایەتی گەلان تێكبدات.

لەبارەی وڵاتانی دراوسێش، ئێمە نامانەوێت بە هیچ شێوەیەك هیچ گرفتێك بێتە پێش. باشترە ئەوان هاوكار بن و ڕۆڵی ئیجابی بۆ چارەسەری گرفتەكان لە نێوان هەولێر و بەغدادا بگێڕن و گوێ له‌ هه‌رێم بگرن. ئەمە ڕێگە ڕاستەكەیە نەك هەڕەشە و گەفكردن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com