سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ: بەشداری کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دەکەین

0

نوچەنێت: تایبەت

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، بڕیارمانداوە بەشداری کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بکەین و دەشڵێت “هەرکاتێك چووینەوە پەرلەمان هەڵوێستی خۆمان لەسەر پۆستی سکرتێری پەرلامان بەروونی رادەگەیەنین”.

دوای نزیکەی دوو ساڵ لە پەکخستنی، پەرلەمانی کوردستان، بە هۆی ناکۆکی سیاسی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوی گۆڕان، رۆژی هەینی 15-9-2017 کاتژمێر 7 ئێوار، پەرلەمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی جەعفەر ئیمینکی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان یەکەم کۆبوونەوەی دەستیپێکرد، جگه‌ له‌ فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵ، فراكسیۆنەكانی گۆڕان و بزوتنەوەی ئیسلامی و بەرەی توركمانی و رافیدەین بایكۆتی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌یان كرد، هاوكات شەش ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی بەشداریان تێدا نەكرد.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، مەروان گەڵاڵی سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی بەشداریکردنی کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان رایگەیاند: وەك فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی بەشداری کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دەکەین، هەروەها شان بەشانی فراکسیۆنەکانی دیکە لەپەرلەمان هەوڵدەدەین ئەو بەڵێنانەی، کە بەخەڵکی کوردستانمان داوە بیان هێنینەدی. گوتیشی “لەکۆتایدا ئێمە پەرلەمانتارین و دەبێت بچینەوە هۆڵی پەرلەمان، بۆئەوەی ئیش و کارەیاساییەکانی خۆمان جێبەجێبکەین”. 

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە ئەوان تێبینییان لەسەر شێوازی کاراکردنەوەی پەرلەمان هەبووە و دەکرا بە تەوافوقی سیاسی بکرێت، بەڵام ئێمە لەو شێوازی کاراکردنەوە بەشدار نەبووین.

لەبارەی پۆستی سکرتێری پەرلەمانیشەوە مەروان گەڵاڵی دەڵێت “تائێستا ئەو پۆستە لای کۆمەڵی ئیسلامیە، هەرکاتێکیش چووینەوە پەرلەمان هەڵوێست و بۆچوونی خۆمان لەسەری بەروونی رادەگەیەنین”.   

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com